شەرع بەشداریی لووتکەی عەرەبی لە بەغدا ناکات

مێدیاکانی سووریا ڕایانگەیاند: شاندی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، بەشدار دەبێت لە لووتکەی عەرەبی لە بەغدا.

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، مێدیاکانی سووریا، بە پشتبەستن بە هەواڵی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بڵاویان کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بەشداریی لووتکەی عەرەبی لە بەغدا ناکات، لە بەری ئەو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکە دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە.

لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو، شەرع بانگهێشتنامەی فەرمی لە عێراقەوە پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی کە بەغدا میوانداری دەکات.

شەرع دوای دەستبەکاربوونی بۆ یەکەمجار، لە 4ـی ئاداری ئەمساڵ بەشداریی لە لووتکەی بەپەلەی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر سەبارەت بە دۆخی غەززە کردبوو.

یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین سەرکردەیەکی شیعیی عێراق، هەڕەشەیان لە ئەحمەد شەرع کردبوو کە بەشداریی لووتکەی عەرەبی بەغدا نەکات، چونکە لە وڵاتەکە داواکراوە، بۆیە شەرع لەبری خۆی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ لووتکەکە دەنێرێت.

هەمان ڕۆژ عەدنان سەراج، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتبووی: ئەحمەد شەرع داوای لێبووردنی کردووە و ئامادەی  لوتکەی عەرەبی نابێت لە بەغدا، بەڵکو ئەسعەد شەیبانی لەبری خۆی دەنێرێت.

ئەو ڕاوێژکارە هۆکاری بەشداریینەکردنی شەرع بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ماوەی ڕابردوو، سوپای سووریای نوێ، لەگەڵ درووزەکان تووشی پێکداننای چەکداری بوون، بۆیە پێیان وایە سەرکۆنەی ئەحمەد شەرع دەکرێت لە لووتکەکەدا، بۆیە نایەوێت ئامادە بێت.

 
Fly Erbil Advertisment