یۆنان و میسر دژی توركیا هه‌نگاو ده‌نێن

میسر: رێكەوتنەكەمان رێی لە تەڵەكەبازی توركیا گرت

K24 - ھەولێر:

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا، فاتح دونماز رایگەیاند، كەشتی توركی "ئەروج رەئیس"ی تایبەت بە لێكۆڵینەوەكان گەیشتە رۆژھەڵاتی دەریای ناوه‌ڕاست بە مەبەستی دەستكردنەوە بە چالاكی كنە و پشكینین لە ناچەكەدا.

دونماز لە تویتێكدا، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەردا، نووسیویه‌تی: "ئەمڕۆ دووشەممە كار بەبێ وچان بەردەوامە لە پێناو سەربەخۆیی توركیا لە بواری وزەدا".

وەزیری وزه‌ی توركیا ئاماژه‌ی داوه‌، كه‌ كەشتی كنه‌ و پشكنینی توركیا "ئەروج رەئیس" گەیشتووه‌ته‌ دەریای سپیی ناوەڕاست. هاوكات هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست و نووسیویه‌تی: "سەركەوتوو بیت ئەی كەشتی ئەروج رەئیس و گەلی توركیا بەگشتی لەپشتتە".

كەشتییە توركییەكە پێش ماوەیەك لە ویلایەتی ئەنتالیا (باشووری رۆژئاوا) بەڕێكەوتبوو بۆ بەرامبەر دورگەی قوبرس بۆ ئەوەی دەست بە چالاكییەكانی بكاتەوە لە گەڕان بەدوای نەوت و غازدا و دوو كەشتیش "ئەتامان و جەنگیزخان" یاوەریی دەكەن.

ئەو كەشتییە دەتوانێت كردەی سیزمی سێ رەھەندی بە قوڵایی 8 ھەزار مەتر و كردەی سیزیمی دوو رەھەندی بە قوڵایی 15 ھەزار مەتر ئەنجام بدات. ھەروەھا كەشتییەكە تاقیگەی جیۆلۆجی، زانستی زەریاكان و كەرستەی وەرگرتنی نموونەی سەرەكی لە قوڵایی دەریاوە وەردەگرێت.

ژمارەی سەرنشینانی كەشتییەكە 55 كەسە، 24 یان دەریاوانن و 31 یان ئیداری و لێكۆڵەرن.

لەو بارەوە یۆنان ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، ئەسینا داوای لە توركیا كردووە كارە نایاساییەكانی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا راگرێت، ئەم چالاكییانەی توركیای بە "ھەراسانكردن و تێكدانی ئاشتی و ئارامی ناوچەكە" ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان روونیشكردەوە،" یۆنان قبووڵی ھەراسانكردن ناكات و بەرگری لە مافە سەروەرییەكانی خۆی دەكات.

دەریاوانیی توركیا ئاگادارییەكی بڵاوكردبوویەوه‌ وتێیدا ھاتبوو، كەشتی "ئەروج رەئیس"ی توركی لە میانی دوو هه‌فتەی داھاتوودا، رووپێوێكی بومەلەرزەیی لە ناوچەكانی ناكۆكی لەسەر لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ئەنجام دەدات.

واپێدەچێ ئەم ھەنگاوەی توركیا جارێكی دیكە ناكۆكی و نیگەرانی لەگەڵ يۆنان درووست بكاتەوە، كە ھەردووكیان ئەندامی ھاوپەیمانی باكووری ئەتڵه‌سی "ناتۆ"ن.

میسریش كە ھەفتەی رابردوو لە گەڵ یۆنان رێككەوتنێكی واژووكرد دەربارەی دیاركردنی سنووری دەریایی لە گەڵ ئەو وڵاتە و ناڕەزایی توركیای لێكەوتەوە و توركیا رێكەوتنەكەی بە رێككەوتنێكی پووچ ناوبرد.

لە لایەكی دیكەوە، بریكاری لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی میسردا، سەڵاح شەوقی عەقیل ئەو رێككەوتنەی نێوان قاھیرە و ئەسینای بە دەستبەركردنی مافە ئابوورییەكانی وڵاتانی ناوچەكە ناو برد.

گووتیشی: "ئەم رێككەوتنە زللـەیه‌كی بەھێز بوو بە رووی سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و رێگای لە تەڵەكەبازی توركیا گرت لە بردنی غازی ناوچەی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دزینی مافی وڵاتانی ناوچەكە".

بە دیدی بریكاری لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی میسر، واژووكردنی ئەو رێككەوتننامەیەی دیاركردنی سنوور لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، رەوایی "بیرخەرەوەی لێكەتێگەیشتن" نێوان توركیا و حكومەتی ویفاقی لیبیایی لە ناوبرد.

Fly Erbil Advertisment