سووریا پێشوازیی لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا دەکات

سووریا پێشوازیی لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، سزاکان ئاستەنگی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، پێشوازیی لە لێدوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی دەکەن و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ کۆتایهێنان بە ئازاری گەلی سووریا وەسف دەکات. 

وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سزایانەی بەسەر ڕژێمی ئەسەددا سەپێندرابوون، هاوکاربوون بۆ کۆتایهێنان بەو ڕژێمە، بەڵام ئێستا ئەو سزایانە ئازاری گەلی سووریا دەدەن و ئاستەنگ لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی سووریا دروست دەکەن.

هەروەها داوا دەکات لەپێناو پێشڤەچوونی ئاشتی و گەشەسەندنی سووریا و هاوکاریکردنی خەڵک، گشت سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگیرێن.

دوێنێ دووشەممە، 13-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاندبوو، بیر لە کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکاتەوە و لەوبارەیەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گفتوگۆی کردووە.