ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەی بەغدا تەواو بوون

حكوومەتی عێراق ھەموو ئامادەكارییە ئەمنی و تەکنیکییەکانی بۆ بەشداریی سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی لە لوتكەی بەغدا، تەواو کردووە.
بەغدا، لە چەند رۆژی داھاتوودا میوانداریی 34مین لوتكەی وڵاتانی عەرەبی دەكات. حكوومەتی عێراق ھەموو ئامادەكارییە ئەمنی و تەکنیکییەکانی بۆ پێشوازیی لە سەرکردە و بەرپرسانی عەرەبی تەواو کردووە، بەڵام پێناچێت تەواوی سەركردەكان لەوانە، ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سووریا بەشداریی لوتكەكە بکەن. نووسینگەی سەرۆکایەتی سووریا بڵاوی كردەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە لە جیاتی شەرع، سەرۆکایەتیی شاندی سووریا دەکات.
بەشدارینەكردنی ئەحمەد شەرع لە كاتێكدایە، لە ماوەكانی ڕابردوودا چەندین لایەنی سیاسی و گرووپە چەكدارەكانی شیعە دژایەتی خۆیان بۆ ھاتنی ئەحمەد شەرع ڕاگەیاند، دیارترینیان نووری مالیکی بوو كاتێك لەم دواییانەدا ڕایگەیاند، دژی ھاتنی ئەحمەد شەرعە بۆ عێراق.
لای خۆیەوە ھادی سەلامی، پەرلەمانتاری عێراقی، ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع لە عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە و فەرمانەكەش لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە كارایە. ئەمەش لە كاتێكدایە، وەزارەتی ناوخۆ و دەسەڵاتی دادوەری عێراق سەبارەت بەم زانیارییانە ھیچ ھەڵوێستێكیان نیشان نەداوە، واتە نەڕەتیان كردەوە نە پشتڕاستیان کردەوە.
ھاوكات ئەحمەد نەعیمی، شارەزای ئەمنی و سیاسی دەڵێت، بەردەوامی هەڕەشەکان بۆ سەر سەرۆک کۆماری سووریا، دەرخەری لاوازیی حکوومەتی عێراقە بەرامبەر گرووپە چەكدارەكان و لایەنە سیاسییەكان. دەشڵێت، ئەگەر لوتکەی بەغدا نەیتوانی سەرنجی سەرۆک و سەركردەی وڵاتانی عەرەبی ڕابكێشێت، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ باڵا دەستی لایەنەكانی دەرەوەی حكوومەت.
لوتکەى وڵاتانی عەرەبی لە 17ی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. 27ی نیسان حكوومەتی عێراق بە فەرمى بانگهێشتنامەی ڕادەستى ئەحمەد شەرع کرد، بۆ ئامادەبوون لەو لوتکەیە.