ترەمپ: لە چەند مانگی ڕابردوو 10ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا کراوە

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە ڕایگەیاند: پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و سعوودیە بۆ 92ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعوودیە لە ئاستێکی زۆرباشدایە.

سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی و ئەمریکی لەریازی پایتەختی سعوودیە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە ڕایگەیاند: پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و سعوودیە بۆ 92ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ئەمەریکا گەورەترین هاوبەشی ئابووری سعوودیە.

محەممەد بن سەلمان، گوتیشی: ئاڵوگۆڕی سعوودیە و ئەمەریکا لە 2013 بۆ 2024 گەیشتووەتە 500ملیار دۆلار.

لەلای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعوودیە لە ئاستێکی زۆر باشدایە ، لەو چەند مانگەی ڕابردوو زۆرترین دەستکەوتمان هەبووە، زۆرترین خەڵک لە چەند مانگی ڕابردوو هاتوونەتە ڕیزی سووپا و چوار هەزار هەلیکارمان ڕەخساندووە.

ترەمپ گوتیشی:  ناومان لە کەنداوی مەکسیک گۆڕی بۆ کەنداوی ئەمەریکا.

دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و بەریتانیا،ترەمپ ڕایگەیاند: لەگەڵ چین دەگەینە ڕێکەوتن و پەیوەندییەکانی نێوانمان بەرەو باشی دەڕۆن، لەگەڵ بەریتانیاش پەیوەندییەکانمان ئاسایی بوونەتەوە.

باسی لەوەش کرد، وەبەرهێنان لە ئەمەریکا زۆر زیادیکردووە، تەنیا لە ماوەی چەند مانگی رابردوو 10 ترلیۆن دۆلار زیادیکردووە و کۆمپانیاکان ڕژاونەتە ئەمەریکا.

سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەش کرد، داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ کرد و بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی ئایاری 2025،  گەیشتە ڕیاز و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییەوە پێشوازیی لێ کرا.  

گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوار ڕۆژ دەخایەنێت و دوای سعوودییە، سبەینێ چوارشەممە، 14-05-2025، دەچێتە قەتەر و پێنجشەممەش سەردانی ئیمارات دەکات.