ئێران خۆی بۆ خوێندنی ئۆنلاین ئامادە دەکات
ھاووڵاتییان دەڵێن ئینتەرنێتەكەیان ھەم گرانە و ھەمیش خاوە
K24 - رۆژهەڵاتی کوردستان
ئەگەرچی بڕیارە بەشی زۆری خوێندنی ساڵی داھاتووی قوتابخانە و زانكۆكانیش لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئۆنلاین بێت، بەڵام لە ئێستاوە ھاووڵاتییانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەڵێن ئینتەرنێتەكەیان ھەم گرانە و ھەمیش خاوە و قوتابیان و خەڵكی ئاساییش ناتوانن سوودێکی ئەوتۆی لێ وەرگرن.
موحسین حاجی میرزایی، وەزیری پەروەردەی ئێران رۆژی دووشەممە (10-8-2020) ئاشكرایكرد، بەھۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشی زۆری خولی نوێی خوێندن لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەیشاردەوە گرانیی ئینتەرنێت و نەبوونی ئامێری پێویست بۆ ھەموو قووتابییان، دوو كێشەی سەرەكین، بۆیە لە ئێستاوە ھاووڵاتیان داوای خێراكردن و ھەرزانكرنی نرخی ئینتەرنێت دەكەن.
چاودێران نایشارنەوە، كۆنترۆڵكردن و فیلتەركردنی ئینتەرنێت ھۆكاری سەرەكی خاوبوونەوەیەتی، ھاوكات سەرجەم كۆمپانیاكانی ئینتەرنێتیش لەدەستی حكومەتدان و كەرتی تایبەت تێیدا بەشدار نییە، ئەوەش بەھۆكاری گرانییەكەی دەزانن، بەڵام ھۆكارەكان ھەرچییەك بن، قوتابییان لە جێگەی پۆل و قوتابخانەكان، لە ئێستاوە چاویان لە ئینتەرنێت و ئامێرە پێویستەكانی خوێندنی ئۆنلاینە كە بۆیان دابین بكرێت.