یەکەم زانکۆی کوردی لە ئەڵمانیا دەکرێتەوە

بۆ جاری یەکەم زانکۆیەکی کوردی لە شاری درێسدنی ئەڵمانیا دادەمەزرێنرێت و خوێندن تێیدا بە کوردی دەبێت. 

د. یونس بەهرام، سەرپەرشتیاری زانکۆی کوردی-ئەڵمانی نێودەوڵەتی بە شەوقی کانەبی، پەیامنێری کوردستان24 لە بەرلین ڕاگەیاند "زانکۆکە هاوشێوەی هەموو زانکۆکانی دیکەی ئەم وڵاتە، زانکۆیەکی فەرمییە و دانیپێدا نراوە. لە کۆتایی ساڵی داهاتوو (2026) بە فەرمی دەکرێتەوە و خوێندنی کوردی تێدا دەست پێ دەکات."

ئەو زانکۆیە دەبێتە یەکەم زانکۆی کوردی لە ئەڵمانیا و خوێندکارانی کورد، ئەڵمان و بیانی زانستەکانی کوردۆلۆژی، ئەدەبییات و ئەندازیاری بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و ئەڵمانی دەخوێنن. هاوکات زانکۆکە سوود لە ئەزموونی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش وەردەگرێت.

د. یونس بەهرام، لە بارەی پەیوەندییان لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، گوتی "خوێندن لە زانکۆکە بە هەردوو زاراوەی کورمانجی و سۆرانی دەبێت. پەیوەندیمان لەگەڵ ژمارەیەک زانکۆی هەرێمی کوردستان هەیە، بە تایبەت، زانکۆی کوردستان لە هەولێر و زانکۆی نەورۆز لە دهۆک. دەمانەوێت لە داهاتوودا ئەم پەیوەندییانە پتەوتر بکەین."

ڕەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا لە پاڵ ڕێکخراو و چالاکییە کولتوورییەکان، پێویستییان بە پرۆژەی زانستی و ئەکادیمیش دەبێت، دامەزراندنی ئەو زانکۆیەش لە شاری درێسدن، دەستپێکێکی ستراتیژی و گرنگ دەبێت. 

عەبدولغەنی کاکۆ، نووسەرێکی کوردی نیشتەجێی ئەڵمانیایە و لەبارەی کردنەوەی زانکۆکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کردنەوەی زانکۆیەکی کوردی لە ئەڵمانیا زۆر گرنگە و دەرفەتێکی زۆر باشیشە بۆ ئەو کوردانەی لێرە یان لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا لە دایک بوون، لە ڕێگەی زانکۆکەوە ئاشنای کولتوور و دابونەرینی کوردیی ببن."

لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە ئاستی کەسی و دامەزراوەیی و ڕێکخراوەییدا، چەندین هەوڵی گرنگ بۆ خزمەتکردنی ناسنامە و زمانی کوردی لە دیاسپۆرا تۆمار کراون. دامەزراندنی زانکۆیەکی کوردیش لە ئەڵمانیا هەوڵێکی زانستی و ئەکادیمی دیکەیە، بۆ پێشخستن و پاراستنی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا و ئەورووپا.