کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی لە نێوان ئەمەریکا، سووریا، تورکیا و سعوودییە بەڕێوە چوو

دیمەنێکی کۆبوونەوەکە کە ئەردۆغان بە ئۆنڵاین تێیدا بەشدار بووە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە کە ئەردۆغان بە ئۆنڵاین تێیدا بەشدار بووە

کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی لە نێوان ئەمەریکا، سووریا، تورکیا و سعوودییە لەبارەی دۆخی سووریا بەڕێوە چوو.

لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-05-2025، لە سعوودییە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە لەبارەی دوایین دۆخی سوریا کۆ بوونەتەوە. هاوکات ئاژانسی فەرمی تورکیا ڕایگەیاندووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشێوازی ئۆنڵاین بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە. 

تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک و ڕاگەیەنراوی فەرمی لەبارەی کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکە بڵاو نەکراوەتەوە. 

کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەممە، 13-04-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان، جێنشنینی سعوودییە، بڕیاری داوە هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت. 

شەوی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعوودییە. 

هاوکات ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا هەڵوێستی ترەمپی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی بە زۆر گرنگ ناو برد و جەختی کردەوە، هەڵگرتنی سزاکان، دەرگا بە ڕووی سووریایەکی نوێ دەکاتەوە و وڵاتەکە لە هەموو ڕوویەوەکە بەرەو پێش دەبات.