كوردستان24 ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەكات
شاندی پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە
K24 – ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ھاوینەھەواری دووكان دەستیپێكرد و ئەندامێكی شاندی پارتی ئاشكرای دەكات، لەم كۆبوونەوەیەدا ھەردوولا سەرنجەكانیان دەخەنەڕوو، وەرەقەی خۆیان بۆ كۆبوونەوەی داھاتوو ئامادە دەكەن. ئاماژەی بەوەشدا، لە ھەردوولادا جدییەت ھەیە بۆ لێكتێگەیشتنی زیاتر و چارەسەری گرفتەكان
عەلی حوسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی پارتی بە ماڵپەڕی كوردستان24ی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھەردوولامان سەرنج و تێبینییەكان دەخەینەڕوو، وەرەقەی خۆمان بۆ كوبوونەوەی داھاتوو ئامادە دەكەین".
گوتیشی: "گفتوگۆ لەسەر ئەو تێگەیشتنە دەكەین كە لە كۆبوونەوەی رابردووی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆكی یەكێتی ھەروەھا كۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەكێتی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ھاتووەتە ئاراوە".
عەلی حوسێن، ئاماژەی بەوەشدا: "لە ھەردوولا جدییەت و كۆدەنگی ھەیە بۆ لێكتێگەیشتنی زیاتر، بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی و ھەموو لایەنەكان شان بدەینە بەر ئەم دۆخە سەختە و چارەسەری گرفتەكان بكەین".
راشیگەیاند: "كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەردەوام دەبن، لە داھاتوودا گفتوگۆ لەسەر كۆی پرسەكانی نێوانمان و ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی دەكەین، ھەردوولامان لەوە دڵنیاین دەبێ پێكەوە بە ھەماھەنگی لایەنەكانی دیكە چارەسەری گرفتەكانمان بكەین".
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: "گەشبینینین بەكۆبوونەوەكان و دڵنیایی دەدەینە خەڵكی كوردستان كە كۆبوونەوەكان ئەنجامی باشی لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبێت".
ھەر پەیوەست بە كۆبوونەوەكە فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "دوای ماوەیەك سارد و سڕی لە پەیوەندییەكانمان، كۆبوونەوەی ئەم ماوەیەی ھەولێر دەرفەتی ئەوەی رەخساندووە، كە بگەینە لێكتێگەیشتن لەسەر بنەمایەكی نوێ، بۆ ئەوەی پێكەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین".
گوتیشی: "راستە پارتی و یەكێتی دوو ھێڵی جیاوازیان ھەیە بۆ كاركردن، بەڵام دەكرێت ھەردووكیان بە یەك ئاراستە بڕۆن و ھاوكاری و ھەماھەنگی زیاتریان ھەبێت، چونكە گرژی نێوان لایەنەكان كاریگەری خراپی ھەیە لەسەر سایكۆلۆژی خەڵك، دەبێ تا تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە یەك تیم كاربكەین".
بهگوێرهی زانیارییەكان، شاندهكهی پارتی پێكهاتووه له هۆشیار زێباری و مهحموود محهمهد ئهندامانی مهكتهبی سیاسی پارتی و علی حوسێن ئهندامی ئهنجوومهنی سهركردایهتی پارتی.
شاندهكهی یهكێتیش پێكهاتووه له رزگار عەلی، شاڵاو عهلی عهسكەری و خەسرەو گوڵ محهمهد.
ئاساییكردنهوهی پهیوهندییهكان و راگرتنی هێرشی راگهیاندن لهبهرامبهر یهكتری و هاوههڵوێستی لهبهرامبهر بهغدا و پشتیوانیكردنی یهكێتی له ههنگاوهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان تهوهرهكانی كۆبوونهوهكه دهبن.