کۆشکی سپی: ترەمپ ژمارەیەک داواکاریی لە شەرع کردووە

دیداری ترەمپ و شەرع لە سعوودییە (AFP)
دیداری ترەمپ و شەرع لە سعوودییە (AFP)

کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەکە چوارقۆڵییەکەی ڕیاز، ترەمپ ژمارەیەک داواکاریی لە شەرع کردووە. یەکێکیان، دەرکردنی "تیرۆریستە فەڵەستینییەکان بووە."

لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-05-2025، لە سعوودییە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە کۆ بووەوە. هاوکات ئاژانسی فەرمی تورکیا ڕایگەیاندووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشێوازی ئۆنڵاین بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە.

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە "تیرۆریستە فەڵەستییەکانی نێوخۆیی سووریا، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە حەماس، جیهادی ئیسلامی و جەبهەی شەعبین و دژایەتیی ئیسرائیل دەکەن، لە وڵاتەکەی دەریان بکات."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی کۆشکی سپی، ترەمپ داواشی لە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا کردووە، هاوکاریی ئەمەریکا بکات لە شەڕی دژی داعش، هەروەها بەرپرسیارێتیی چاودێریی زیندانەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەستۆ بگرێت کە دەیان هەزار چەکدار و خێزانی داعشیان تێدایە. 

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە لە ڕاگەیەنراوێکی دیکەدا باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ترەمپ جەختی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و پشتیوانیی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەی کردووەتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ئەحمەد شەرعیش گوتوویەتی: "سووریا بە متمانەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت."

وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە ئـەوەشی خستووەتە ڕوو، هەر ئەمڕۆ، کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕیاز بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی پتەوکردنی هاوبەشیی و هەماهەنگیی نێوان واشنتن و دیمەشق. 

کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەممە، 13-04-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان، جێنشنینی سعوودییە، بڕیاری داوە هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت. 

شەوی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعوودییە.