چوارەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە نەینەوا تۆمار کرا

چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی نەینەوا ئاشکرای کرد، چوارەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ماوەی دوو هەفتەدا تۆمار کرا.

سەرچاوەکە بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاندووە "پشکنین بۆ گەنجێکی گومانلێکراوی تەمەن سی ساڵان کراوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم حاڵەتە چوارەم حاڵەتەکە لە ماوەی دووهەفتەدا تۆمار کراوە. تووشبووەکە دۆخی تەندروستیی جێگیرە و خراوەتە بەشی دابڕان بۆ وەرگرتنی چارەسەر."

ڕوونیشی کردەوە "ڕێوشوێنی خۆپارێزی گیراوەتەبەر، لەوانە سەردانی ماڵی تووشبووەکە لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی قەزای گەیارە، بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی هیچ ئەندامێکی خێزانەکەی تووشی ڤایرۆسەکە نەبن".

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، تەندروستی زیقار بڵاوی کردەوە، ئافرەتێکی تەمەن شەست ساڵان، دانیشتووی قەزای ئەلڕەفاعی، بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی سپارد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment