تیمەکانی شوێنەواری هەولێر ژمارەیەک گۆزەی مێژوویی دەدۆزنەوە

تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر ڕایانگەیاندووە، لە گردێکی شوێنەواریدا ژمارەیەک گۆزەی مێژووییان دۆزیوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کنە و پشکنین لە گرد لەشکری لە هەولێر بەردەوامە، لەکاتی هەڵکۆڵین ژمارەیەک گۆزە دۆزراونەتەوە کە مێژووی دروستکردنیان بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە سەردەمانێکی کۆن مرۆڤ لەم ناوچەیە ژیاوە.

نادر بابەکر، گوتیشی: ئەو گۆزانەی دۆزراونەوە زۆر بەنرخن و گومان دەکرێت لەکاتی هەڵکۆڵیندا چەندین شوێنەواری دیکەمان بۆ دەربکەوێت، وەک، ژوور و خانووبەرە.

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر باسی لەوەش کرد، ساڵێک زیاترە تیمەکانمان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەشی شوێنەواری زانکۆی سەڵاحەدین و تیمێکی ئیسپانی خەریکی کارکردنن لەو گردە.

ڕووبەری ئەو گردە زیاتر لە 10دۆنم دەبێت و دەکەوێتە نزیک شارەدێی کەسنەزان.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6500 پێگەی شوێنەواری تۆمار کراون.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment