ترەمپ: قەتەر بە بەهای 200 ملیار دۆلار ژمارەیەک فڕۆکەی جۆری بۆینگ لە ئەمەریکا دەكڕێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هێڵی ئاسمانیی قەتەری، بە بەهای 200 ملیار دۆلار، 160 فڕۆکەی جۆری بۆینگ لە ئەمەریکا دەكڕێت.

چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، ژمارەیەک ڕێککەوتنی بازرگانی و سەربازییان ئیمزا کرد.

لەم بارەیەوە، سەرۆکی ئەمەریکا، گوتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ قەتەر لە ئاستێکی زۆر باشدان، کاری زۆرمان هەیە پێکەوە بیکەین و ئەمەریکا هەمیشە یارمەتییان دەدات.

ئاماژەی بەوە کرد، هێڵی ئاسمانیی قەتەری، بە بەهای 200 ملیار دۆلار، 160 فڕۆکەی جۆری بۆینگ لە ئەمەریکا دەکڕێت.

ترەمپ، دەڵێت: ئەمەریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێز دایە و باشترین جۆری کەرەستەی سەربازیی لە جیهاندا هەیە، قەتەریش کەرەستەیەکی زۆری سەربازیی لە ئێمە دەكڕێت و پێویستی پێیەتی.

سەرۆکی ئەمەریکا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو "نزیکەی دوو کاتژمێر لەگەڵ میری قەتەر گفتوگۆمان لەسەر پرسە گرنگەکانی جیهان کرد، لەوانەش جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها ئیرانیشمان کرد."

گوتیشی: قەتەر لەبارەی دۆسییەی ئێران زۆر هاوکاریمانی کردووە، بۆیە سوپاسی دەکەین.

لای خۆیەوە تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، گوتی: دەوحە و واشنتن بەردەوامن لە پێکەوە کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا. دەشڵێت: هەموومان دەمانەوێت ئاشتی هەبێت بۆیە هیوادارین ئەم خەونەمان ببێتە ڕاستی.

گوتیشی:  پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا زۆر باشن و پەرەی زیاتریش پێ دەدەین و ترەمپیش پیاوێکی ئاشتیخوازە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ڕۆژی دووەمی گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە فڕۆکەخانەی حامد لە دەوحە و لەلایەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، پێشوازیی لێ کرا.

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان پێشبینی دەکرێت دۆناڵد ترەمپ ژمارەیک ڕێککەوتن لەگەڵ قەتەر ئیمزا بکات، هەروەها دوای سەردانەکەی بۆ قەتەر، ترەمپ دەچێتە ئیمارات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment