مەسرور بارزانی: پرۆژەی ڕووناکی داوا و خواستی چەندان ساڵەی هاووڵاتییان بوو

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پرۆژەیەکی نیشتمانییە، کە چەندین سوودی گشتیی لە ڕووی ژینگە و تەندروستییەوە هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

سەرۆک وەزیران، لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی پرۆژەی ڕووناکی کرد و گوتی: پرۆژەکە بڕگەیەکی پەسەندکراوی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەند کرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.

سەرۆک وەزیران، ئەم پرۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناوبرد کە داوا و خواستی چەندان ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.

دووپاتیشی کردەوە، کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پرۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵیی کەرتی گشتیی جێبەجێ دەکرێت و چەندان قازانج و سوودی گشتیی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاووڵاتییان بە مووەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن.

هاوکات، سەرۆک وەزیران داواشی لە هاووڵاتییان کرد، کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بە پێی پێویستیی خۆیان کارەبا بە کاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لە ژێر کۆنترۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بە پێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لە کۆتاییدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پڕۆژەکە و فراوانکردنی، کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 ، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی 24 کاتژمێری.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment