ئەنجوومەنی وەزیران: بەغدا دەبێت وەک قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێم بکات

ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە بەردەوامی هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە دەبێت حکوومەتی فیدراڵ ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێم بگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، لە بڕگەی یەکەمدا تاوتوێی نرخی پرۆژەی ڕووناکی کرا.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لە سەر وردبینی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 .

ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کردەوە.

هاوکات دووپاتی کردەوە، کە دەبێ حکوومەتی فیدراڵ وەکوو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشە بودجەی هەرێم و شایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات.

ئەنجوومەنی وەزیران ڕاشیگەیاند "هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی، ژمێریاریی و یاساییەکانی حکوومەتی فیدراڵیی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینیی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفیی جێبەجێ کردووە و، هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدراڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment