ئەحمەد شەرع: ڕێگەنادەین سووریا دابەش ببێت
سەرۆک کۆماری سووریا دەڵێت: ڕێگە بە ژیانەوەی گێڕانەوەکانی ڕژێمی پێشوو نادەین و پێشوازی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکەین دەربارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا.
ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند: یەکڕێزی و قوربانیدانی سوورییەکان کاریگەری لەسەر بیروڕای جیهان هەبوو، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ لابردنی سزاکان میژوویی و بوێرانەبوو.
ئەحمەد شەرع دەشڵێت: ڕێگەنادەین سووریا دابەش ببێت و چیتر سووریا نابێتە گۆڕەپانی دابەشکردنی دەسەڵات.
ئەحمەد باس لەوەش دەکات، ڕێگە بە ژیانەوەی گێڕانەوەکانی ڕژێمی پێشوو نادەین، سووریا بۆ هەموو سوورییەکانە.
لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-05-2025، لە سعوودییە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە لەبارەی دوایین دۆخی سوریا کۆ بوونەتەوە. هاوکات ئاژانسی فەرمی تورکیا ڕایگەیاندووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشێوازی ئۆنڵاین بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە
سێشەمە، 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی و ئەمریکی لەریازی پایتەختی سعوودیە، لەدرێژەی قسەکانی ڕایگەیاند: دوای گفتوگۆکانم لەگەڵ محەممەد بن سەلمان و لەسەر داواکاریان سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگرین و دەرفەتێکی نوێی پێدەدەین.