ئەردۆغان: بەرانبەر بە هەنگاوەكانی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە گەشبینین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

سەرۆک کۆماری تورکیا، نەیشاردەوە کە هیچ لێبووردەییەکیان بەرانبەر بە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان نابێت، هاوکات بە هەنگاوەکانی خۆ‌هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گەشبینە.

پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، هەواڵگریی تورکیا چاودێری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادانی پەکەکە دەکات. هاوکات گەشبینی خۆی بەرانبەر بە هەنگاوەکانی خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە ڕاگەیاند.

سەرۆک کۆماری تورکیا، گوتی: جیهان شایەدی گۆڕانکاریی گەورەیە، تورکیاش لە دڵی هاوکێشە نوێیەکەدایە، هەروەها هیچ لێبوردەییەكمان بەرانبەر بە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان نابێت.

هەروەها گوتیشی: "هیچ کات نە لە عێراق، نە لە سووریا و سنوورەکانماندا چاوپۆشیمان لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نەکردووە و، لەمەودواش چاوپۆشی ناکەین".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دوای ئەوەی پرسی تیرۆر بە تەواویی بووە ڕابردوو، تورکیا دەبێتە تورکیایەکی زۆر جیاواز. دەشڵێت: جوگرافیا و مێژوو بەشێوەیەک تورک، کورد و عەرەبی بەیەکەوە گرێداوە کە لێکناترازێن و پەرتەوازە نابن.

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.

 

 
Fly Erbil Advertisment