كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق: له 25ـی ئه‌م مانگه‌وه لیستی ناوی کاندیدەکان وه‌رده‌گرین

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، بۆ ماوەی یەک مانگ دەست بە وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدەکانی هاوپەیمانی و حزب و کاندیدە تاکەکەسییەکان دەکەن.
پێنجشه‌ممه، 15ـی ئایاری 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگه‌یاند، لە 25ـی ئه‌م مانگه‌وه بۆ ماوەی یەک مانگ و تاوه‌كوو 24ـی حوزه‌یران، دەست بە وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدەکانی هاوپەیمانی و حزب و کاندیدە تاکەکەسییەکان دەکەن.
عیماد جەمیل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، تاوه‌كوو ئێستا یه‌ك ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زار كه‌س بایۆمه‌تری هه‌ڵبژاردنیان نوێ كردووه‌ته‌وه.
چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کرده‌وه، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەو وادەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاریکراوە، بەڕێوە ببات.