سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکات

سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی هەڵبژاردنی سکرتێر و ئەندامانی مەکتبەی سکرتاریەتی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی ڕێکخراوەکە، قوتابییان و لاوان دەکات.
هەینی 16ـی ئایاری 2025، سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکگرتنەوە و هەڵبژاردنی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی ڕێکخراوەکە و سەرجەم قوتابییان و لاوان کرد و هیوای سەرکەوتنیانی بۆ خواست.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، هیوادارم یەكگرتنەوەی قوتابییان و لاوان و دەرئەنجامەكانی كۆنگرەكەیان ببێتە هۆی بەهێزتربوونی شێوازی كار و ڕێكخستنی قوتابییان و لاوان و خزمەتی زیاتری دۆزی قوتابییان و لاوانی ئازیزی كوردستانی لێ بكەوێتەوە.
سەرۆک بارزانی، بەم بۆنەیەوە، پشتیوانیی خۆی بۆ داواكاری و بەرنامە و ئامانجەكانیان دووپات دەكاتەوە و دەڵێت: "ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی خۆشەویست هەیە لەژێر ڕۆشنایی هزر و بیری نیشتیمانپەروەرانە و، بەپێی بەرنامە و پلانی ڕێكوپێك قوتابی و لاوی پێگەییشتوو و زیرەك و خاوەن ئیرادە و داهێنەر، بۆ وڵاتەكەمان پێ بگەیێنن و هەردەم لە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستاندا بن."
پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.
هەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، یەکیانگرت و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ رێکخراوی 'یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان'.
هەروەها بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، 11 کەس وەک ئەندامی سکرتاریەتی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، دەستنیشان کران.
بە دەنگی ئەو 11 کەسەی کە وەک ئەندامی سکرتاریەتی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردرابوون، شڤان مەحموود، ناسراو بە شڤان کوردستانی، بە سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، هەڵبژێدرا.