ڕووسیا: لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئیستانبوڵ ڕازین

دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ئۆکرانیا و ڕووسیا، لە ئیستانبوڵ کۆتایی هات، لەم بارەیەوە شاندی ڕووسیا، ڕایگەیاند: لە ئەنجامی دانوستانەکان ڕازین.

هەینی 16ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، کە نزیکەی کاتژمێرێک و 40 خولەکی خەیاند.

دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوەچوو، کە ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەرەتای دانوستانەکاندا، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە پێشکەوتنی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد، کە کۆتا جار ساڵی 2022 بەر لە دەستپێکی جەنگ کۆبوونەوە، ئێستاش دوای سێ ساڵ جارێکی دیکە کۆبوونەتەوە.

هەڵوێستی ئۆکرانیا لەبارەی دانوستانەکان

 ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ وەستاندنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە دانوستانەکاندا تاوتوێ کرا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ شاندی ڕووسیا باسمان لە ئەگەری پەیوەندیی نێوان زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کرد.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئۆکرانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، شاندەکەی ڕووسیا داواکاریی قبووڵنەکراویان خستەڕوو کە لەوە زیاتر بووە کە پێش دانوستانەکە باسی لێوەکرابوو، لە نێویاندا ڕادەستکردنی خاکی زیاتری ئۆکرانیا بە ڕووسیا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان شاندی هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا، گوتی: ئەگەری هەیە گەڕێکی دیکەی دانوستان لەنێوان هەردوو وڵات، بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاریی نەکراوە.

هەڵوێستی ڕووسیا لەبارەی دانوستانەکان

شاندی ڕووسیا لە ئیستانبوڵ، ڕایگەیاند: لە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوام دەبین. گوتیشی: لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ ڕازین.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دانوستانەکانی ئیستانبوڵ بە بەڵگەنامەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا بەدوور نازانن.

هەروەها ئاژانسی تاس لە زاری بەررپسێکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، ئەگەری دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ ئۆکرانیا هەیە، بەڵام پێویستە سەرەتا کیێڤ هەنگاو بەرەو ئاشتی بهاوژێت و لەسەر ئەو ڕێچکەیەش بەردەوام بێت.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

هۆکاری بەشدارینەکردنی زێلێنسکی لە دانوستانەکانی ئیستانبوڵ

دوێنێ پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بۆ مەبەستی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا و کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ڕووسیا، سەردانی تورکیای کرد.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئامادەم دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پوتن بکەم بۆ مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیا، بەڵام بەداخەوە ڕووسەکان دانوستانەکان بە جیددی وەرناگرن.

هاوکات ئاماژەی بە ئەندامانی شاندەکەی ڕووسیا کرد کە بۆ تورکیای ناردووە و ڕایگەیاند: "من ناچمە ئیستانبوڵ بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی دوای ئەوەی پوتن ڕەتی کردەوە بەشدار بێت، ئەو تیمەی ڕووسیاش کە بەشداری کۆبوونەوەکەی ئیستانبوڵ دەکات تیمێکی ئاست نزمە."

وەڵامی کرێملن بۆ زێلێنسکی

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند: شاندێکی ڕووسیا لە ئیستانبوڵ ئامادەیە بۆ دانوستان، هێشتا زووە بزاندرێت ئەو شاندە لە چ ئاستێکە و چ جۆرە بەشداریکردنێکیان دەبێت.

هەروەها دوایین دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئاداری 2022 لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، تەنیا چەند هەفتەیەک دواتر پوتن هێزی ڕووسیای نارد بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.

 
 
Fly Erbil Advertisment