عراقچی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران هۆشداری دەدات و دەڵێت: پێشنیازێکیان لەو بارەیەوە بۆ ئێران ناردووە، ئەگەر وەڵامی خێرایان نەبێت ئەوا ئەنجامێکی خراپی دەبێت، هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکان ڕایگەیاندووە نامەکە لە ڕێگەی عوممانەوە دەدرێتە ئێران.
هەینی 16ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نێو فڕۆکەی (Air Force One) لە کاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن لەبارەی ڕێککەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، پشێنیازێکمان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی پێشکەش تاران کردووە. جەختیشی کردەوە، ئەوان پێشنیازەکەیان بە دەست گەشتووە، دەبێت لەو بارەیەوە خێرا کاردانەوەیان هەبێت، ئەگەر نا ئەنجامێکی خراپی دەبێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ فۆکس نیوز، کە بەر لە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کرابوو و ئەمڕۆ بڵاو کرایەوە گوتبووی: ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتن بکات، منیش ئەوەم پێ باشە، چونکە من ڕێککەوتن بۆ سەقامگیری و ئاشتی بەکار دەهێنم.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، ئەگەر هەست بە هەستیاری بابەتەکە بکەن، ئەوا دەزانی ئەوان کاتی زۆریان لە بەردەست دا نییە. دووپاتیشی کردەوە، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەر هەر ڕژدبوون لەسەری، سەرجەم گفتوگۆکانیان لەو بارەیەوە بە تەواوی دەگۆڕدرێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە سەر زاری سەرچاوەیک ئێرانی نزیک لە دانوستانەکان بڵاوی کردووەتەوە، عوممان پێشنیازەکەی بەدەست گەشتووە، بڕیارە لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە نامەکە بگاتە تاران.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی جیادا لە قەتەر لەبارەی دڕۆنەکانی ئێران ڕایگەیاند، داوام لە کۆمپانیایە ئەمەریکییەکان کرد درۆنیكی وەکوو ئێرانمان بۆ دروست بکەن بە تێچوویەکی کەم کە لە نێوان 35 هەزار بۆ 40 هەزار دۆلار بێت، بەڵام دوای دوو هەفتە پێیان ڕاگەیاندم هەر درۆنیک کە دروستیان کردووە 41 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
لای خۆیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس، لە وەڵامی ترەمپ نووسیویەتی: هیچ نامەیەکمان بە ڕاستەوخۆ و ناڕستەوخۆ پێ نەگەیشتووە.
هەروەها گوتیشی: ئەو نامەی ئێمە و جیهان پێمان دەگات دژ بەیەکن، بەڵام پەیامەکانی ئێمە ڕوون و ئاشکران، ئەگەر ڕێز لە مافەکانمان بگیرێت و سزاکان هەڵبگیرێن، ئەوا ڕێک دەکەوین.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، ڕایگەیاندبوو: پێشکەوتن لە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا هەبووە و تاڕادەیەکی زۆر بە مەرجەکانی ڕێککەوتنێک ڕازی بووین.
ئاماژە بەوەش کردبوو، کە بەم زووانە لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ڕێکدەکەون.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، لە مەسقەت، گەڕی چوارەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەڕێوە چوو. تاوەکوو ئێستا ڕێککەوتی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی نێوانیان ڕانەگەیندراوە.