بنەماڵەی هونەرمەندی كۆچكردوو محەممەد عەباس سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەن

بنەماڵەی هونەرمەندی كۆچكردوو محەممەد عەباس بارام لە ڕوونکردنەوەیەکدا سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ بەدەنگەوەچوونیان و دەربڕینی پەرۆشییان بۆ گەڕانەوەی تەرمی کۆچکردوو بۆ هەرێمی كوردستان.

بنەماڵەی هونەرمەند لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و لە واڵی تایبەتی محەممەد عەباس ڕوونکردنەوەیەک و سوپاسنامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و تێدا هاتووە "بە داخ و پەژارەی زۆرەوە، كە هونەرمەند محەممەد عەباس دوای گرفتاریی بە نەخۆشی، دوێنێ لە ئوردن كۆچی دوایی كرد، ئێمە كە وەك خێزان بەتەنیا لەگەڵیدا بووین و لەژێر سترێس و خەمێكی قووڵی لەدەستدانی ئەو ئازیزەماندا بووین، وەك پێویست نەمانتوانی بڕیاری بەخاكسپاردنەكەی بدەین و سوودیش لەو دەرفەت و بەدەنگەوەهاتن و پەرۆشییانە وەربگرین بۆ گەڕانەوەی تەرمی بۆ كوردستان".

لە ڕوونکردنەوەکەدا سوپاسی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان دەکەن و نووسیویانە "بەتایبەتی هەوڵ و خەمخۆریی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە ڕێی نووسینگەی بەڕێزیان و جەنابی پارێزگاری هەولێر و بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێرەوە، پەیوەندیمان پێوە كرا و سەرەخۆشییان لێ كردین و ئامادەیی خۆیشیان دەربڕی بۆ هەموو هاوكارییەك بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی هونەرمەند بۆ كوردستان".

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە" تەنانەت بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێی ڕاگەیاندین، كە خۆیان بەپیریانەوە دێت بۆ ئوردن و تەرمەكە دەگەڕێننەوە بۆ كوردستان، بەڵام ئێمە چونكە ئەو كات لە دۆخێكی زۆر تەنیایی و پەرێشانیدا بووین، بۆیە هەر لەوێ لە ئوردن ناشتمان".

لە کۆتاییدا بنەماڵەی هونەرمەندی کۆچکردوو ئاماژەیان داوە "زۆر سوپاسی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو بەڕێز و لایەنانەش دەكەین بۆ خەمخۆرییان و سوپاسی خەڵكی كوردستانیش دەكەین بۆ ئەم هەموو پەرۆشی و سەرەخۆشییانەی لە ڕێی جیاجیاوە لێیان كردووین."

 
Fly Erbil Advertisment