ویتکۆف: زۆرینەی ئیسرائیلییەکان پشتگیری لە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەن

نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکان، زۆرینەی دانیشتووانی ئیسرائیل، پشتگیری لە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەن لە بەرانبەر ئازادکردنی 58 بارمتە.
هەینی 16ـی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گۆڤاری زە ئەتلەنتیک، گوتی: چەندین جار لە ئیسرائیل ڕاپرسی کراوە، بەڵام بە گوێرەی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییانەی دوایی، زۆرینەی دانیشتووانی ئیسرائیل، پشتگیری لە ئازادکردنی ئەو 58 بارمتەیە دەکەن کە لەلای حەماس ماون، هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەن.
نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەی بەوە کرد، ڕای گشتی ئیسرائیل ئێستا لەگەڵ ئەوەن حەماس و ئیسرائیل بە خێرایی دانوستان بکەن و لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان ڕێکبکەون.
بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەو داواکارییەی زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتەکە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: کۆتاییهێنان بە شەڕ و ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس، وا دەکات غەززە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدا بمێنێتەوە، ئەمەش قبوڵکراو نییە.
بە پێی زانیارییەکان، ناتانیاهۆ، ڕووبەڕووی فشاری زۆری وەزیر و کاربەدەستانی حکوومەتەکەی بووەتەوە، هەڕەشەی ئەوەیان کردووە ئەگەر کۆتایی بە سەڕی غەززە نەهێنێت، ئەوا لە حکوومەت دەکشێنەوە.
ویتکۆف، ئەوەشی بە گۆڤاری زە ئەتلەنتیک، ڕاگەیاندووە، ڕێگەچارەی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەبێت چاکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس لەخۆ بگرێت.
دوو سەرچاوەی ئاگادار مانگی ڕابردوو بە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلیان گوتبوو، بزووتنەوەکە تا ئێستا ئەم داواکارییەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵکو داوای ئاگربەستێکی درێژخایەن دەکات لەگەڵ گەرەنتی ئەمنی، وەک ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی چەک و هەڵکەندنی تونێل.