چەند شوێنەوارێک لە ئەشکەوتێکی شارەدێی سرێشمە دۆزرانەوە

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دۆزینەوەی چەند شوێنەوارێکی لە ئەشکەوتی پڵنگان لە سنووری شارەدێی سرێشمە ڕاگەیاند، کە بەهاوبەشی شوینەواری سۆران و زانکۆی بارسلۆنە کاری کنە و پشکینینی بۆ کراوە و مێژووەکەیان بۆ 20 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەشکەوتی پڵنگان گەلی چناران لە شارەدێی سرێشمەی سنووری شارۆچکەی خەلیفان، بە هەوڵی هاوبەشی شوێنەواری سۆران و زانکۆی بارسلۆنەی ئیسپانی، دۆزینەوەیەکی مێژوویی ناوازەی تێدا ئەنجام دراوە، کە سێ چینی گرنگی تێدا دەستنیشان کراوە:
یەکەمیان؛ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئێپی پالیۆلیسیک (10 هەزار بۆ 20 هەزار ساڵ لەمەوبەر)، ئەم دۆزینەوەیە دوای 50 ساڵ لە نەبوونی بەڵگەی شوێنەوارناسی لە ناوچەی زاگرۆس دۆزراوەتەوە.
چینی دووەم؛ بۆ چاخی بەردینی نوێ و چینی سێیەم بۆ سەردەمی برۆنز دەگەڕێتەوە.
ئەم دۆزینەوانە جارێکی دیکە پێگەی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤی دێرین پشت ڕاست دەکەنەوە.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەندین شوێنەوار هەن، کە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لەوانە ئەشکەوتی شانەدەر، کە بە یەکێك لە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوتەکانی جیهان دادەنرێت، مێژوویەکی 110 هەزار ساڵەی جیۆلۆجی لە خۆ دەگرێت.
لە دوایین هەڵکۆڵینەکاندا کە قووڵاییەکەی گەیشتووەتە 15 مەتر، ئێسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵی تێدا دۆزرایەوە، کە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، مرۆڤ ناسەکانی دونیا چاویان لە وەڵامی پشکنینەکانی ئەم ئەشکەوتەیە بۆ چارەکردنی زۆر لە گرێ کوێرەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و زۆربەی پشکنینەکان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ئەنجام دەدرێن.


