سووریا ئاماده‌یه‌ ڕوفاتی كۆهین بۆ ئیسرائیل بگه‌ڕێنێته‌وه‌

ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌رپرسانی حكوومه‌تی نوێی سووریا به‌ نهێنی سه‌ردانی ئیسرائیلیان كردووه‌ و له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌یان هه‌وڵیان داوه‌ متمانه‌ی ئیسرائیلییه‌كان به‌ ده‌ست بهێنن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیان كردووه‌.

هه‌ینی، 16ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامه‌ی (مه‌عاریف)ـی ئیسرائیلی له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاوی كرده‌وه‌، به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی نوێی سووریا سه‌ردانی ته‌لئه‌ڤیڤیان كردووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌منی ئیسرائیلی كردووه‌ و ئه‌نجامی ئه‌رێنیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیاندا هه‌بووه‌.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، به‌رپرسانی حكوومه‌تی نوێی سووریا به‌ ئیسرائیلییه‌كانیان ڕاگه‌یاندووه‌، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕوفاتی (ئێلی كۆهین) ده‌ده‌ن كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی سووریا به‌ تۆمه‌تی سیخوڕی له‌ سێداره‌ دراوه‌.

ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی به‌رپرسانی سووریا بۆچوونێكی ئه‌رێنی له‌ لای به‌رپرسانی ئیسرائیلی دروست كردووه‌ و پێی شۆك بوونه‌.

هاوكات ڕۆژنامه‌ی (هارتز)ـی ئیسرائیلی له‌ ڕاپۆرتێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی نوێی سووریا به‌ نێوه‌ندگیریی قه‌ته‌ر سه‌ردانی ئیسرائیلیان كردووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ و چاوپێكه‌وتنه‌كانیان به‌ پله‌ یه‌ك بۆ یه‌كترناسین بووه‌ به‌ ئامانجی دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌ و په‌یام و ڕێگریكردن له‌ په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌.

ڕۆژنامه‌كه‌ گوتووشیه‌تی، هه‌ر چه‌نده‌ سوورییه‌كان له‌و بابه‌ته‌ جیددین، به‌ڵام ئیسرائیل به‌ گومانه‌وه‌ له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی ئیداره‌ی نوێی سووریا ده‌ڕوانێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment