چاڵی كۆترەكان.. گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌دان قوربانی ده‌ستی داعش هه‌ڵده‌درێته‌وه‌

K24 - ھەولێر:

چاڵی كۆترەكان لە تەلەعفەر  لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بەسەدان تەرمی قوربانیانی دەستی داعشی تێدایە. رزگاربوویەكی دەستی داعش باس لەو رۆژە دەكات كە چەكدارانی ئەو رێكخراوە لەسەر چاڵەكە ھەڕەشەی كوشتنیان لێكردووە.

زۆربەیان دانیشتووی ناوچەكە بوون، لەكاتی داگیركاری داعش لەلایەن چەكدارانی ئەو رێكخراوەوە گوللـەباران كراون و ھەموویان لە ناو ئەو چاڵەدا فڕێدراون.

دانیشتوویەكی تەلەعفەر كە لە دەست چەكدارانی داعش رزگاری ببوو، گوتی: قوربانییەكان لە ھێزە ئەمنییەكانی عێراق، دانیشتووانی موسڵ و تەلەعفەرن.

عیماد عەلی، رزگاربووی دەستی داعش گوتیشی: "من و دوو كەسی دیكەیان ھێنایە ئێرە، دەست و چاومان بەسترابوون، دەنگی دوو تەقەم بیست، دواتر دەمانچەیان لەسەر ملی من راگڕت. یەكێكیان گوتی، دانیپێدادەنێی یان نا؟، گووتم: چی؟ دان بەچیدا بنێم؟، گوتی: دان بەوەدابنێ كە ھاوكاری بێباوەڕان و كەسانی ھەڵگەڕاوەت كردووە. لە وەڵامدا گوتم، من ئەو كارەم نەكردووە".

دوای سێ ساڵ له‌ رزگاربوونی مووسڵ و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی داعش، ئێستا دانیشتووانی ناوچەكە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەن ھاوكارییان بكات لە ھەڵدانەوەی  ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە.

عیماد عەلی هه‌روه‌ها گوتی: "كاتێك دوای 47  رۆژ رزگارم بوو، خێزانی زیندانییانی دیكە ھاتنەلام و لە چارەنووسی كوڕەكانیان دەپرسی، پێمگوتن: سوێند دەخۆم ھەموویان ئازاد کراون، لەکاتێکدا نەمدەزانی هەموویان خراونەتە ناو ئەم چاڵەوە".

مەعتەز، یەكێكی دیكەیە لە رزگاربووانی دەستی داعش، لە ساڵی 2014 دا، 44 رۆژ بەتۆمەتی ئەوەی خۆی كاندیدكردووە بۆ پەرلەمانی عێراق، لە زیندانەكانی داعش ماوەتەوە. موعتەز گوتی: "شەوبوو كە منیان بۆ ئێرە ھێنا، گووتیان: دەتكوژین! ئەم شوێنە پڕبوو لە تەرم و خوێنێكی زۆری لێبوو. ئەو كات دوو مانگ بوو موسڵیان كۆنترۆڵكردبوو".

ئەو ناوچەیە لە تەلەعفەر بە "بئر الحمام" یاخود چاڵی كوترەكان ناسراوە. قووڵی چاڵەكە نزیكەی  50 مەترە. بەسەدان تەرمی تێدایە كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كوژراون.

Fly Erbil Advertisment