پەیام و دەرئەنجامەکانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا

لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا
لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا

34ـەمین لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له‌ به‌غدا به‌ به‌شداری 20 سه‌رۆك، وه‌زیر، نوێنه‌ری وڵاتانی عه‌ره‌بی و به ‌میوانداریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسپانیا، ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌ورووپا، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری كه‌نداو و ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ری دیكه‌ی وڵاتان، ده‌ستی پێكرد. هاوکات ئامادەبووان ڕاو سەنجی خۆیان لەسەر دۆخ و ئاڵنگارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی خستە ڕوو.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه 17ـی ئایاری 2025،‌ 34ـه‌مین لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ له‌كۆشكی حكوومی له‌ به‌غدا ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد، له ‌لوتكه‌كه‌دا سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب و سكرتێری رێكخراوه‌ جیهانییه‌كانیش به‌شداربوون.‌ له‌ لوتكه‌كه‌دا كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌، پرسی غه‌ززه‌ و سووریا، كێشه‌كانی لوبنان و هێرشه‌كانی ئیسرائیل، دۆخی یه‌مه‌ن و چه‌ند پرسێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تاوتوێ کران.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سوودانی: کۆمەڵکوژیی غەززە لە مێژوودا نەبینراوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە 34ـیەمین لوتکەی عەرەبی کە لە بەغدا، گوتی: ڕەتمان کردووەتەوە خەڵکی فەڵەستین بە زۆرەملێ ئاوارە و پەنابەر بکرێن و ئێستاش پێداگرین لەسەر ئەو پرسە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە و هێرشەکانی سەر کەناری ڕۆژئاوا بووەستێت و ڕێگە بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە بدرێت.

باسی لەوە کرد، بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی لوبنان و غه‌ززه‌ عێراق بڕی 40 ملیۆن دۆلار ته‌رخان ده‌كات. هه‌روه‌ها دژایه‌تی عێراقیشی بۆ پرۆسه‌ی ڕاگواستنی خه‌ڵكی غه‌ززه‌ راگه‌یاند و داوای كرد ده‌رگای گه‌یاندنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بۆ غه‌ززه‌ بكرێنه‌وه‌.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس: هیچ پاساوێک بۆ ئازاردانی فەڵەستینییەکان نییە

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە گوتارێكیدا ڕایگەیاند، دژی پرۆسەی ڕاگواستنی خەڵكی غەززەن، هەروەها پێویستە ڕێز لە سەروەری لوبنان بگیرێت و چەك لەدەست دەوڵەتەوە بێت.

لەباسی سوودان و یەمەنیش ئاماژەی دا، دەبێت لەسەر دۆخی یەمەن دیالۆگ بکرێت و پێویستیشە ڕووبەڕووی توندوتیژییەکانی سوودان ببینەوە.

گۆتیرێس، گوتیشی: پێویستە یارمەتی سۆماڵ بدرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی. هەروەها لەگەڵ کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندیدا دەبین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی لیبیا و گەیشتن بە سەقامگیری.

مه‌حموود عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌ڵه‌ستینی

مه‌حموود عه‌باس: پێویستە حەماس لە کەرتی غەززە نەمێنێت

مه‌حموود عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌ڵه‌ستینی رایگه‌یاند، دۆزی فەڵەستین ڕووبەڕووی مەترسیی جیددی بووەتەوە، داواش له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات، به‌ڕێوه‌بردنی غه‌ززه‌ به‌ حكوومه‌تی فه‌ڵه‌ستینی بسپێرن و حه‌ماس له‌شاره‌كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

هاوکات داوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە و ڕێگەدان بە گەیاندنی هاوکارە مرۆییەکان بۆ نێ و کەرتەکە کرد.

 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا

ئەسعەد شەیبانی: ئیسرائیل یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات

 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا، گوتی، بە هێرشکردنە سەر سووریا، ئیسرائیل یاسای نێودەوڵەتی پیشێل دەکات.

هاوکات گوتی: داوای پشتیوانیی بۆ گەلی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەین و، پێداگرین لە یەکپارچەیی خاکی سووریا، هەموو دەستوەردانێکی دەرەکی ڕەت دەکەینەوە.
ئەسعەد شەیبانی، جەختی کردەوە لەوەی ، سووریا پابەندی کۆنترۆڵکردنی سنوور دەبێت لە جۆلان. گوتیشی: چاوەڕێی وڵاتانی عەرەبی دەکەین بەرانبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل هەڵوێستییان هەبێت.

پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا

سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا: داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و قەیرانی مرۆیی لە غەززە دەکەم

پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، گوتی: داوا دەکەم قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە کۆتایی پێبێت.

جەختی لەوەش کردەوە، کە دەبێت فشارەکان بۆ سەر ئیسرائیل دوو هێندە بکرێت بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسپانیا لە کاتی کۆبوونەوەی گرووپی مەدریددا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە و بنیاتنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی.

نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان

سەرۆک وەزیرانی لوبنان: ڕۆژانە ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەمان دەبینەوە

نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لوبنان لاپەڕەیەکی نوێی کردووەتەوە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی بڕیاردانی خۆی بەسەر شەڕ و ئاشتیدا.

جەختی لەوەش کردەوە، لوبنان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پابەندبوون بە بڕیارنامەکانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی.

گوتیشی: هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر لوبنان دەبێت. باسی لەوەش کرد، ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان ڕەت دەکەینەوە.

 

ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی یەمەن

سەرۆکی یەمەن: داوای دەکەین حووسییەکان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێن

ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی یەمەن، لە لوتکەی عەرەبی بەغدا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، جەختی لە پابەندبوونی یەمەن بە بژاردەی ئاشتییەکی دادپەروەرانە بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل کردەوە.

لەبارەی حووسییەکانەوە، گوتی: میلیشیاکانی حووسی بوونەتە هەڕەشە بۆ وڵاتەکە، بەهۆی پێشێلکارییەکانیانەوە داوا دەکەین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکرێن.

باسی لە دۆخی غەززە کرد و ئاماژەی بەوە دا، بە هەموو شێوەیەک ڕاگواستنی خەڵکی غەززە ڕەت دەکەینەوە. گوتیشی: پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی و داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەکەین.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر

سەرۆکی میسر: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دوو ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوونە

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، گوتی: دەبێت هەموو وڵاتانی عەرەبی، لوتکەی بەغدا بکەنە خاڵی دەستپێک بۆ گەیشتن بە ئاییندەیەکی گەش بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی عەرەبی و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، لە پێش هەموویانەوە پرسی فەڵەستین.

سەرۆکی میسر، ئاماژەی بەوە کرد، ‌غەززە لە دۆخێکی زۆر ناهەموار دایە و دانیشتووانەکەی تووشی هێرشی دڕندانە و برسێتی بوونەتەوە، کە ئامانج لێی لەناوبردنیانە.

گوتیشی: بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، دانیشتووانەکەی تووشی ئاوارەیی بوونەتەوە، نزیکەی دوو ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوونە، هەروەها ئێستا ئیسرائیل سیاسیەتی برسێتی لە کەرتەکە جێبەجێ دەکات و دانیشتووانی کەرتەکە ژیانیان لە مەترسی دایە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بە توندی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکەینەوە و داوا لە ئەمەریکاش دەکەین نێوەندگیری پرۆسەی ئاگربەست لە غەززە بکات بۆ پشتیوانی لە گەیشتن بە پرۆسەی ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکە.

لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا

ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا

دوای پێشکەشکردنی گوتاری ئامادەبووان، ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا ڕاگەیەندرا و تێیدا هاتووە، داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی دەکەین گوشار بکەن بۆ ڕاگەرتنی خوێنڕشتن لە غەززە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، بە توندی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکەینەوە، هەروەها پێویستە یارمەتی مرۆیی بگەیندرێتە غەززە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، یەکخستنی هەوڵەکان و بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی لوتکەی عەرەبی ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەکەین، هەروەها بۆ دۆخی سوودانیش داوای دۆزینەوەی چارەیەکی سیاسی دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

بەشداربووانی لوتکەی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ به‌غدا
 

ناوی سەرۆک و پاشا و سەرۆکی شاندە عەرەبییەکانی بەشدار لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا

1-  تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر.

2- مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین. 

3- عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر. 

4- ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی یەمەن

5- حوسێن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ. 

6- عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودییە. 

7- عەبدوڵلا عەلی عەبدوڵلا، وەزیری دەرەوەی کوێت. 

8-  جەعفەر حەسەن، سەرۆک وەزیران ئوردن. 

9- نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان. 

10-  شهاب بن تاریق سەعید، جێگری سەرۆک وەزیرانی عوممان. 

11-  شێخ مەنسور بن زاید ئەلنەهیان، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیمارات. 

12- ئیبراهیم جابر، ئەندامی ئەنجوومەنی سەروەریی سوودان. 

13-  ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا. 

14- محەمەد عەلی بن ئەحمەد ئەلهادی، وەزیری دەرەوەی تونس. 

15-  ئەحمەد عەتاف، وەزیری دەرەوەی جەزائیر. 

16-  عەبدولـلەتیف ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین.

17- عەبدولقادر حسێن، وەزیری دەرەوەی جیبووتی. 

18-  مبایە محەمەد، وەزیری دەرەوەی کۆمۆرۆس. 

19-  ناسر بۆریتا، وەزیری دەرەوەی مەغریب. 

20-  محمد عولد چیخ ئەلغەزونی، سەرۆکی مۆریتانیا. 

21- عەبدولموتەلیب سابت، نوێنەری کۆمکاری عەرەبی و باڵیۆزی لیبیا لە میسر.

میوانانی لوتکەی بەغدا

1- پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا.

2- ئەحمەد ئەبولغەیس،  ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی.

3- ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

4- جاسم محەممەد عەبدوڵلا، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو .

5- حوسێن ئیبراهیم تەها،  ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی. 

6- مەحموود عەلی یوسف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا.

7- لویجی دی مایۆ، نێردەی تایبەتی یەکێتی ئەورووپا بۆ کەنداو.

8- میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

میوانداریی 34ـه‌مین کۆبوونەوەی لوتكه‌ی عەرەبی لەلایەن بەغداوه‌، لە کاتێکدایە گرژییەکان لە غەززە، پەرەسەندن و دابەشبوونی عەرەبی لەسەر ئاساییکردنەوە و دانوستانە ڕانەگەیەندراوەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو درێژه‌ی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها دانوستانه‌كانی نێوان تاران و ئه‌مەریكاش له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی به‌رده‌وامن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment