دیندار زێباری: نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم ئەرکی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سنووردار کردووە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم توانای کارکردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کە ئەرکی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێ سپێردراوە، سنووردار کردووە.

شه‌ممه‌، 17ـی ئایاری 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە دووەم ڕۆژی چالاکییەکانی گفتوگۆکانی پەیماننامەی پاراستنی منداڵ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف، پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ پێوەر و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپات کردەوە.

دیندار زێباری له‌ به‌شێكی گوته‌كه‌یدا نیگەرانییەکانی لە باره‌ی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەربڕی، کە بووه‌تە هۆی قەیرانی ئابووری. گوتیشی، ئەم سنووردارکردنە داراییە درێژخایەنە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر توانای حکوومەتی هەرێم هەبووە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی چەندین ڕاسپاردەی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانەوە دەرکراون و ئاراستە کراون.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەش کردووه‌، سەرەڕای ئەم ئاڵنگاریانە، حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ بە دامەزراوەییکردنی مافەکانی مرۆڤ و پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی چوارچێوە یاساییەکان، بەڵام نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەقامگیر و دادپەروەرانە، بە شێوەیەکی گشتگیر خێرایی و چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییانەی سنووردار کردووە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووه‌، بەردەوامیدان بە کەرتە بنەڕەتییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، پاراستنی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارەکان کاریگەرییان هەبووە، بەمەش توانای کارکردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەرتەسک بووەتەوە کە ئەرکی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤیان پێ سپێردراوە.

دیندار زێباری لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووه‌، حکوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە شەفافیەت و لێپرسینەوە و جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ.

 
 
Fly Erbil Advertisment