گۆتێرێز: ساڵی ڕابردوو 295 ملیۆن کەس تووشی برسییەتی بوون

لە ساڵی 2024دا، بۆ شەشەم ساڵ لەسەر یەک، زیاتر لە 295 ملیۆن کەس تووشی برسییەتی بوون، لە ناوچەکانی وەک غەززە، سودان، یەمەن، و مالی، کە ڕێژەی برسییەتی ئاستی پێوانەیی تێ پەڕاندووە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا، بە بۆنەی خستنەڕووی ڕاپۆرتی جیهانی بۆ قەیرانەکانی خۆراک، بۆ ساڵی 2025، بە ناوی "برسییەتی پەیوەست بە ململانێ ژمارەیەکی پێوانەیی دەشکێنێت."
جەختیشی لەوە کردەوە، ناکۆکیەکان وەک بزوێنەری سەرەکیی قەیرانەکە دەمێننەوە، لەگەڵ هۆکارەکانی دیکە، دۆخەکە خراپتر دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ خێرابوونی نائاسایشی خۆراک و بەدخۆراکی، توانای وەڵامدانەوەمان بە شێوەیەکی ڕژد کەم دەبێتەوە. بڕینی بەرچاو لە بودجەی مرۆیی ڕزگارکەری ژیان، قەیرانەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات و ئەگەر شەڕێکی بازرگانی سەرهەڵ بدات، لەوانەیە دۆخەکە کارەساتبارتر بێت.
گۆتێرێز، جەختی لەوەش کردەوە، دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراک پێویستی بە کۆکردنەوەی سەرچاوە داراییەکان و پەرەپێدانی داهێنان و بنیاتنانی سیستەمی بازرگانیی دادپەروەرانە و شەفاف هەیە؛ دڵنیا بێت لەوەی خۆراک بگاتە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا. هەروەها داوای هاودەنگیی جیهانی کرد بۆ دروستکردنی سیستەمی خۆراکی خۆڕاگر و گشتگیر و بەردەوام بۆ هەمووان.
ئاماژەی بەوەش دا، میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داهاتوو، لە ئەیلوولی 2024 پەسەند کرا، وەک چوارچێوەیەک بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: پەیامەکەم ڕوونە، دەبێت ئەم هۆشدارییە ڕژدانە بە جددی وەربگرین. ئێستا کاتی هەنگاونانە. با پێکەوە کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بە برسییەتی.