هەڵمەتی ڕێگریی لە سووتانی دارستانەکان دەست پێ کرد
هەڵکەوت عەبدولڕەحمان: هەر زیادەڕۆییەک لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ سەر دارستان بکرێت، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێن

بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان ڕایگەیاند، هەر زیادەڕۆییەک لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ سەر دارستان بکرێت، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "ئێمە وەک هەموو ساڵێک، بەڕێوەبەرایەتییەکانی دارستان و پاوان لە شارەکان، بەپێی ئەو توانا کەمەی لەبەر دەستیاندایە، ماددی و مرۆیی، هەوڵ دەدەن لە دارستانە دەستکردەکانی سەرانسەری کوردستان، ئاگر بڕ دروست بکەن."
بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، دەڵێت: دارستانە سروشتییەکان ڕووبەرێکی ئێجگار فراوانیان هەیە، لە توانای ئێمەدا نییە ئاگربڕ بۆ هەموو دارستانەکان بکەین لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەرگریی شارستانی بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو ڕووبەڕووی ئاگرەکە دەبنەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، یەکێک لەو لایەنە پەیوەندیدارانە، بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمەیە.
دەشڵێت: ئەوەی پەیوەستە بە دارستانە دەستکردەکان، ئێمە ساڵانە، بەپێی توانای ماددی و مرۆیی خۆمان، دەرمان دەڕێژین و ئاگربڕ دروست دەکەین.
گوتیشی: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، لە کاتی گەشت و سەیراندا، بەتایبەت وەرزی هاوین تا دەتوانن ئاگر بەکار نەهێنن، یاخود پاشماوەی جگەرە، یان پاشماوەی خۆراک فڕێ نەدەن، بۆ هاووڵاتیی چێژێکی چەند کاتژمێریی لە سەیرانەکەدا بەسەر دەبات، بەڵام دیاردەیەکی ناشارستانییە و دەشبێتە کارەساتێکی ژینگەیی کە هەزاران دۆنم بەهۆی ئاگرێکی بچووکەوە دروست دەبێت و هەزاران زیندەوەر زیانیان پێ دەگات و لەناو دەچن.
هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، ڕاشیگەیاند "کاری ئێمە پاراستنی ئاژەڵەکانە لە ڕێگەی یاسای دارستانەوە، یاسای تایبەتە بە خۆمان هەیە هەر زیادەڕۆییەک بۆ سەر دارستان بکرێت، بەشە زیندوو نازیندووەکەی بە ئاژەڵەکانی ناو دارستانیشەوە، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت، ئەو کەسانەی ئاگریش بکەنەوە هەر ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە، لەناو یاسای دارستان ژمارە 10ـی ساڵی 2012، ڕێوشوێنەکان گیراونەتەبەر. زیان بە پێکهاتەکانی دارستان بگەیەنرێ بە ئاژەڵ و زیندەوەرەکانەوە."
ئاماژەی بەوەش دا، سزاکان جۆراوجۆرن وەک ماددی و بەندکردن، بەپیی ئاستی زیانگەیاندنە بە دارستان و پیکهاتەکانی دارستان، لەناو یاساکەدا بە دوورودرێژی باس کراوە.