هەولێر.. حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە هەولێر دەستنیشان کرا، ئەویش ئافرەتێکی دانیشتووی قەزای بەعاجی سەر بە پارێزگای نەینەوایە.
یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا: هاووڵاتییەکی خەڵکی قەزای بەعاجی سەر بە پارێزگای نەینەوا تەمەن 27 ساڵ، دوای بوونی نیشانەکانی تای خوێنەبەربوون، ڕوو لە شاری هەولێر دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کرد، بەهۆی بوونی نیشانەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی دەگیرێتە بەر، ئێستا لەشاری هەولێر لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندیی ڕێنماییەکان بن و لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێتەرنەری ئاگادار بکەنەوە.
هاوکات دەڵێت: بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ، لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
بە پێی داتا و ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا تەنیا 2 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون دەستنیشان کران، یەکێکیان لە شاری دهۆک بوو، بەڵام لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەست دا، هەروەها حاڵەتی دووەمیش دوای وەرگرتنی چارەسەر بە تەواوەیی چاک بووەیەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوو.