ئاژەڵدارەکان ئاگاداردەکرێنەوە بەرلەوەی بچنە ناوچە کوێستانییەکان

لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێگەبە مەڕدار و جوتیار و هەنگەوانان دەدرێت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆران تێپەڕن بۆ ناوچە کوێستانییەکان.

ڕەجەب زوبێر، قایمقامی ناوەندی سۆران ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئایار ڕێگەپێدان بە مەڕدار و هەنگەوانان و جوتیاران دەدرێت بەرەو ناوچە کوێستانییەکانی سنووری سیدەکان و چۆمان بەڕێ بکەون، ئەمساڵ لە 20ـی ئەم مانگە ڕێگەیان پێدەدرێت بچن بۆ ناوچە کوێستانەکانی باڵەکایەتی و دەڤەری برادۆست.

ڕەجەب زوبێر گوتیشی: پێش ئەوەی بەڕێ بکەون، پێویستە چەند مەرجێکیان هەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەچنە دەرەوەی سنووری پێشمەرگە، کە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقی لێیە، ئەو هاووڵاتیانەی ساڵی ڕابردوو ناسنامەی ڕێگەپێدانیان بۆ کراوە، پێویستە‌ پشتگیری یە‌كە‌ی كارگێڕی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێی شوێنی نیشتە‌جێبوون و فەرمانگەی ڤێتێرنە‌ریان لەلابێت، دواتر ڕێگەیان پێ دەدرێت.

باڵەکایەتی و برادۆست، چەندین کوێستانی تایبەت و دڵگیریان لێیە، لە سنووری پارێزگای هەولێر، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری مەڕدارەکان لە وەرزی هاویندا بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن، ئەمە جگەلەوەی خاکێکی بەپیتی هەیە بۆ کشتوکاڵکردن.

سە‌بارە‌ت بە‌و كە‌سانە‌ی بۆ جاری یە‌كە‌م سە‌ردانی ناوچە كوێستانییەکان دە‌كە‌ن، قایمقامی ناوەندی سۆران باسی لەوەکرد،  پێویستە‌ پشتگیری یە‌كە‌ی كارگێڕی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی شوێنی نیشتە‌جێبوون و فەرمانگەی ڤێتێرنەری هەبێت، ھە‌روە‌ھا سە‌ردانی قایمقامیە‌تی شارۆچکەی چۆمان یان سیدە‌كان بكە‌ن و ڕە‌زامە‌ندیان وە‌ربگرن و ناسنامە‌یان بۆ درووست بكە‌ن، ئە‌وكات ڕێگە‌یان پێ دە‌درێت مەڕ و ماڵاتەکانییان بگوازنەوە.

ڕەجەب زوبێر ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لەو مەڕدارانە بەبێ گوێدانە پیسکردنی ژینگە مەڕوماڵاتییان بەبێ بارهەڵگر دەگوازنەوە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکان و هەرکەسێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگرێتەبەر، ئەو مەڕدارانەی دەچنە ئەو سنوورە، لە سنووری، شارۆچکەی شەقڵاوە، هەریر، خەلیفان، باڵەکایانەوە دێن.

دەڤەری برادۆست و باڵەکایەتی

دەڤەری برادۆست، دەکەوێتە سنووری کارگێری شارۆچکەی سیدەکان بە دووری 144کم لە ڕۆژهەڵاتیی پارێزگای هەولێر، ناسراوترین کوێستانەکانی: مێرگەمیر، مێرگەحەوش، بەربزین، بێرمەسارد.

دەڤەری باڵەکایەتی، دەکەوێتە سنووری کارگێری شارۆچکەی چۆمان، بە دووری 112کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتیی هەولێر، لە ناسراوترین کوێستانەکانی: چۆمە،  زەنگڵین، بناری هەڵگورد.

 
 
Fly Erbil Advertisment