سەردانەکەی سەرۆک وەزیران هەلێکە بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسییە گرنگ و کاریگەرەکان

نوورەددین وەیسی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندن و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی گرنگیی ستراتیجیی سەردانە فەرمییەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن دەکات و دەڵێت، سەردانەکە لەم کاتەدا هەلێکە بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسییە گرنگ و کاریگەرەکان.

نوورەددەین وەیسی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی کردووەتەوە، سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوەتنامەیەکی فەرمییە و یەکەم سەردانێتی بۆ ئەمەریکا پاش هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ، هاوکارت سەردانەکە بە هەنگاوێکی دیکەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنییەکان لە قەڵەم دەدات و دەڵێت: هەلێکە بۆ گفتوگۆ سەبارەت دۆسییە کاریگەرەکان.

گوتیشی: بێگومان سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن لە کاتێکی هەستیاردایە بۆ تاوتوێکردنی دۆسییە جێبایەخەکانی هەردوولا و هەروا توندکردنەوەی هاوبەشییە ستراتیجییەکانی نێوانمان بە شێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و چاوەڕوانییەکانی بکات.  ئێمە هیوادارین ئەم سەردانە گرنگە و ئەو گفتوگۆیانەی سەرۆکی حکوومەت لە واشتنتن دەیان کات، ببیتە مایەی پتەوکردنی پێگەی هەرێم و بیروبۆچوونەکانی هەرێم بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنێت. 

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: خشتەی کاری سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت، کۆبوونەوەیە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا،  بەشداریی کارا لە کۆڕبەندی تایبەت بە وزە، چاوەڕێش دەکرێت کۆمەڵێک ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تایبەت بە وزە مۆر بکات، کە دەبنە بەهێزترکردنی تواناکانی هەرێمی کوردستان لە دەرکەوتنی پێگەکەی لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، نوورەدین وەیسی گوتی: حکوومەتی فیدراڵ تا ئێستا بەرانبەر بە مافە دەستوورییەکانی هەرێم، خۆی دەدزێتەوە؛ بودجەی دیاریکراوی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران نانێرێت. جگە لەوانەش ڕێز لە ڕێککەوتنە مۆرکراوەکانی نێوانمان ناگرێت. ئەمەش مانای کشانەوەیە لە بنەمای هاوبەشی و متمانەی نێوانمان.

گوتیشی: ئێمە هەڵسوکەوتەکانی حکوومەتی فیدراڵ وەک هەنگاوی تەکتیکی بۆ لاوازکردنی پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبینین. حکوومەتی فیدراڵ بە فشاری ئابووری، دروستکردنی گرفتی ئیداری و ئاراستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، بەشێکن لەو هەڵوێستە  نا دەستووریانەی حکوومەتی فیدراڵ، بە مەبەستی لاواز و بچووککردنەوەی سیستەمی فیدراڵی و کەمکردنەوەی قەوارەی دەستووری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش لە لایەن گەلی کوردستانەوە ڕەت دەکرێتەوە.

سەبارەت بە دۆسییەی وزە، نوورەددین وەیسی گوتی: سەرباری ئەو زیانە ئابوورییە گەورەیەی بەر هەرێم و ئابووریی گشتیی عێراق کەوتووە و بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت، هێشتا حکوومەتی فیدراڵ کێشە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەکات. گەلی کوردستان ئەمە وەک مەرامێک بۆ دوورخستنەوەی هەرێم لە نەخشەی وزەی جیهانیی دەبینێت. هێشتا بیرکردنەوە و هزری حکوومەتی ناوەندیی لە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان پیادە دەکرێت. 

 بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێمە هیوادارین ئەم سەردانەی سەرۆکی حکوومەت و ئەو گفتوگۆیانەی لە واشنتن دەیان کات، ببنە مایەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و بەدەستیهێنانی پشتیوانیی پێویست بۆ پاڵپشتیی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پێناو سەپاندنی ئاشتی و ئارامیی لە ناوچەکەدا.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment