ناتانیاهۆ: لێدوانی بەریتانیا و فەرەنسا و کەنەدا خەڵاتێکی گەورەیە بۆ حەماس

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، درەنگانی شەوی دووشەممە، ڕەخنەی لە سزاکانی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا لە دژی ئیسرائیل گرت.
لە بەیاننامەیەکدا لێدوانەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و کەنەدای وەک پێدانی "خەڵاتێکی گەورە" بە حەماس زانی.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل، لەگەڵ دیدگای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هاوڕایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: داوا لە هەموو سەرکردەکانی ئەورووپا دەکەین هەمان کار بکەن.
دەشڵێت: ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد بکات و چەکەکانی دابنێت، ئەگەری هەیە سبەی شەڕەکە کۆتایی بێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا، دووشەممە هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو، ئەگەر هەڵمەتە سەربازییە نوێیەکەی لە غەززە ڕانەگرێت و سنووردارکردنی یارمەتییەکان هەڵنەگرێت، ئەوا هەنگاو بەرامبەر ئیسرائیل دەگرنەبەر.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە، لەلایەن حکوومەتی بەریتانیاوە بڵاو کراوەتەوە، تێیدا هاتووە "ڕێگریی حکوومەتی ئیسرائیل لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییە پێویستەکان بۆ خەڵکی مەدەنی، جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "ئێمە دژی هەر هەوڵێک دەبین بۆ فراوانکردنی نیشتەجێبوونەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و درێغی ناکەین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر، لەنێویاندا سەپاندنی سزای ئامانجدار."
هەروەها سێ سەرکردە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی ئەمەریکا، قەتەر و میسر بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە دەربڕی و جەختیان لە پابەندبوونیان کرد بە ناساندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی وەک بەشداری لە گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەت.