ماتۆڕسوارەکان ئاگادار دەکرێنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی ئایاری 2025، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری داوە کە ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا لەلای هاووڵاتییان نەمینێت، فرۆشتنیشی قەدەغە بکرێت.

دەشڵێت: ئێمە داوامان لەو هاووڵاتییانە کردووە، ئەوانەی کە دەیانەوێت ماتۆڕسکیل بکڕن، ئەو جۆرە ماتۆڕسکیلانە بکڕن کە دەتوانرێت تابلۆی بۆ بکەن و ژمارەی پێ بدرێت.

هێمن ئەمین، ڕاشیگەیاند "ئەگەر ماتۆڕسوار سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆ بکات، بێگومان سزا دەدرێت، جا ئەگەر ماتۆڕەکەی ژمارەی هەبێت یاخود بێسەرەتا بێت. هەروەها بەپێی جۆری سەرپێچییەکەش سزاكەی بۆ دەنووسرێت."

دوێنێ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، چەند ڕێنماییەکی بۆ ماتۆڕسوارەکان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هەر ماتۆڕسوارێک سەرپێچی بکات، بە پێی جۆری سەرپێچییەکەی سزا دەدرێت.

سەرپێچی و سزاكان بەمجۆرەن؛

-ئەگەر ماتۆڕسواران بە دەنگی ئەگزۆز هاووڵاتییان هەراسان بكەن، ئەوا دەدرێنە دادگا و دەست بەسەر ماتۆڕەكەیاندا دەگیرێت.

-هەر ماتۆڕسوارێك لە ترافیكلایتەكان نەوەستێت، سزای مادی دەدرێت.

-هەر ماتۆڕسوارێك كڵاو و سەرئەژنۆ و مەچەكپارێز بەكار نەهێنێت، سزای مادی دەدرێت.

-ئەگەر ماتۆڕسواران سەركێشی و نمایش بكەن، دەدرێنە دادگا و دەست بەسەر ماتۆڕەكەیاندا دەگیرێت.

-ئەگەر ماتۆڕەكان لۆگۆی كۆمپانیاكانی گەیاندنیان پێوە بێت، مانگانە سزاكە بۆ كۆمپانیاكە دەنێردرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment