له‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا داوا لە پۆمپیۆ دەكرێت سزای توركیا بدات

پێویسته‌ سزای توركیا بدرێت

K24 - ھەولێر:

دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا داوایان لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد، سزای توركیا بدات بەھۆی كردەوەكانی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

گەورە سیناتۆری دیموكراتەكان لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیراندا، رۆبرت مینیندێز، و سیناتۆری دیموكراتەكان، كریس ڤان ھۆلین داوایان لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپیۆ و یەكێتی ئەورووپا كرد، كار بكەن بۆ سەپاندنی سزاكان بە سەر كەرتە سەرەكییەكانی ئابووری توركیادا بەھۆی كردەوەكانی ئەو وڵاتە لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

ھەردوو سیناتۆر جەختیانكردەوە، كەوا پێویستە كەشتییەكانی توركیا لە ئاوی نێودەوڵەتی بكشێنەوە. لە بانگەوازەكەدا ھاتووە: لە كاتی كۆبوونەوەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی يۆنان، نیكۆس دیندیاس، بە نیگەرانیەكی زۆرەوە نامەیەكتان ئاراستە دەكەین سەبارەت بە كردەوە ھەراسانكارانەی توركیا لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. توركیا كەشتی شەڕكەری لەگەڵ كەشتییەكەی ناردووەتە ناوچەی ئابووریی تایبەت بە یۆنان بە ئامانجی گەڕان بەدوای نەوت و غازدا.. داواتان لێدەكەین پاڵ بە توركیاوە بنێن بۆ كشانەوەی كەشتییەكانی و چارەسەركردنی كێشەكە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی".

ھەردوو سیناتۆرەكە بە پۆمپیۆیان گووتووە: داواتان لێدەكەین یەكەسەرە لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا دەستبكەن بەھاوكاری بۆ ھەماھەنگیكردن لە وڵامدانەوەی چالاكییە ھەراسانكارییەكان و نایاساییە زیاده‌ڕۆییه‌كانی توركیا. دەبێت ئەمەریكا و یەكێتی ئەورووپا یەكسەرە پلانێك داڕێژن بۆ سەپاندنی كۆمەڵە سزای ھاوبەشی گشتگیر، كە كار لە كەرتەكانی سەرەكیی ئابووری توركیا بكات، ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە كارە نایاساییەكانی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و قبووڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی نەكرد لە دادگایەكی نێودەوڵەتی بێلایەندا.

سەرچاوە: تاس

Fly Erbil Advertisment