بریکارەکانی ئارد و خۆراک لە پارێزگای هەولێر ئاگاداردەکرێنەوە

بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەپلیکەیشنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر کارابکرێت، لە سنووری ئەو پارێزگایە دوو هەزار و 297 بریکاری ئارد و خۆراک هەن.
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: کاتژمێرێک پێش ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاگادارکراینەوە، کە پێویستە سەرجەم بریکارەکانی ئارد و خۆراک ئەپڵیکەیشنی واتسئاپ لە موبایلەکانیان دابەزێنن، چونکە ژمارەی سەرجەم بریکارەکانیان لەلایە و دەخرێنە گرووپێکی تایبەتەوە، بۆ ئەوەی ئاگاداری دوایین زانیارییەکان بن.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
سیامەند قادر گوتیشی: لەماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژی داهاتوودا ئەپڵیکەیشنەکە لە سنووری پارێزگای هەلێر کارادەکرێت.
بەڕێوەبەری پسولەی خۆراک ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و تەواوی شارۆچکە و شارەدێیەکانەوە دوو هەزار 297. بریکاری ئارد و خۆراک هەیە.
پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی لە هەڵەبجە کاراکرا.