ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی بۆ خۆپاراستن له‌ پەتاكان پەسەند كرد

ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی بۆ خۆپاراستن و ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی پەتاكانی پەسەند ده‌كات، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێكخراوه‌كه‌ش ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ به‌ سه‌ركه‌وتن ناو ده‌بات.

سێشه‌ممه‌، 20ـی ئایاری 2025، ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، دوای سێ ساڵ لە دانوستانی ڕژد و گفتوگۆیه‌كی چڕ و ورد، ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی بۆ خۆپاراستن و ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی پەتاكانی پەسەند.

له‌م باره‌وه‌، تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسیۆس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئەم ڕێککەوتنەی به‌ سه‌ركه‌وتنی ڕێكخراوه‌كه‌یان و زانست و  فرەلایەنی ناو برد و گوتی، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پاراستنی جیهان به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر و به‌ ده‌سته‌جه‌معی له‌ ڕوووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی په‌تاكان له‌ ئایینده‌دا، به‌تایبه‌تی له‌ژێر ڕۆشنایی شكستی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی په‌تای كۆڤید-19 (كۆرۆنا) كه‌ بووه‌ هۆی مردنی چه‌ندین ملیۆن مرۆڤ و تێكچوونی ئابووریی جیهان.

گیبریسیۆس گوتووشیه‌تی، ڕێککەوتنەکە کە ڕه‌شنووسی کۆتا لە 16ـی نیسان و بە کۆده‌نگی په‌سند کراوە، میکانیزمێکی هەماهەنگیی جیهانییه‌ بۆ ڕێگریکردن و چاودێریکردن و وەڵامدانەوەی هەر مەترسییەک کە دەتوانێت ببێتە هۆی پەتاکە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئامانجێكی دیكه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ دەستەبەرکردن و دەستڕاگەیشتن بە پێویستییه‌ تەندروستییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە ئەگەری تووشبوون بە پەتاكان به‌تایبه‌تی له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان.

 
Fly Erbil Advertisment