سیناتۆر گاری پیتێرز: تێچووی ڕۆژانەی هەر کۆچبەرێک لە گوانتانامۆ 100 هەزار دۆلارە

دوای لێدوانە سەیرەکانی سیناتۆری دیموکراتەکان 'گاری پیتێرز'، شەپۆلێکی ناڕەزایی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا سەریهەڵدا، کە تیایدا ئاشکرای کرد، حکوومەتی ئەمەریکا ڕۆژانە تا 100 هەزار دۆلار بۆ هەر کۆچبەرێک خەرج دەکات، کە لە بنکەی دەریایی گوانتانامۆ دەستبەسەرکراون، لەکاتێکدا ئەو کۆچبەرانەی لە ناوخۆی ئەمەریکا دەستبەسەرن، تەنیا 165 دۆلار خەرجی ڕۆژانەیانە.

سیناتۆری دیموکراتەکان، گاری پیتێرز، کە ئەندامی لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ و کاروباری حکوومەتە لە ئەنجومەنی پیران، ئەم قسانەی لە میانی دانیشتنێکدا کرد و ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی کۆچبەری گرت کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکادا پەسەندکراون، کە بریتین لە گواستنەوەی بەشێک لە کۆچبەران بۆ بنکەی گوانتانامۆ لە کوبا.

پیتێرز دەڵێت "ئێمە کۆچبەران لە گوانتانامۆ بە بڕی 100 هەزار دۆلار لە ڕۆژێکدا دەهێڵینەوە، دواتر بە فڕۆکە دەیانگەڕێنینەوە بۆ ئەمەریکا لەسەر حیسابی باجدەران لەکاتێکدا دەتوانین لێرە بە نرخێکی زۆر کەمتر ڕایانبگرین، ​​ئەمە جێگەی نیگەرانییە."

کریستی نۆیم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا، لەبەردەم لیژنەی بەرگریکردن لە بودجەی ساڵی 2026ـی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: نازانێت تێچووی ڕۆژانەی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە گوانتانامۆ چەندە.

ئیدارەی ترەمپ پێشتر داوای 44 ملیار دۆلاری دیکەی کردووە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی کۆچبەران، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ کۆچبەران دێت.

بەپێی سەرچاوە حکوومییەکان، ئێستا نزیکەی 70 کۆچبەر لەگوانتانامۆ دەستبەسەرن. لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو ڕێوشوێنانە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییە، نەیارانی ترەمپ دەڵێن، تێچووی زۆر و مامەڵەی توند، سیاسەتێکی توند و بێکاریگەریی کۆچبەرییە.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، پیت هێگست، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، زیندانی گوانتانامۆ تا ئێستاش 15 زیندانی تێدایە، شوێنێکی تەواو گونجاوە بۆ کۆچبەرانی نایاسایی.

زیندانی سەربازیی لە کەنداوی گوانتانامۆ لە مانگی یەکی ساڵی 2002 لە کەناراوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوبا کرایەوە، ئەمەش دوای چوار مانگ لە هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج بوش کرایەوە.

باراک ئۆباما و جۆ بایدن سەرۆکانی پێشووی ئەمەریکا هەوڵیاندا زیندانەکە دابخەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

زیندانەکە لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ نزیکەی 800 دەستگیرکراوی تێدابوو، ژمارەی زیندانەکە لە ساڵی 2003دا زۆرترین زیندانیی تێدابووە کە ژمارەیان گەیشتە 680 زیندانی.

 
Fly Erbil Advertisment