دەستەی دەستپاکی: لەسەر گەندەڵی، ئەمساڵ دۆسییەی ژمارەیەک کەسی پلەباڵا ڕەوانەی دادگا کراون

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت لە دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەموو ئەوکەسانەی فۆرمی دەستەی دەستپاکیان بە تەواوی پڕ نەکردووەتەوە بانگهێشتی دەستەکە دەکرێن.
عەدنان عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت لە دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەگوێرەی یاسای دەستپاکی هەموارکراوی ساڵی 2011، ئەو کەسانەی کە سێ مانگ بەسەر ئاشکرانەکردنی سەروەت سامانەکانییاندا تێ دەپەڕێت، یاخود زانیاری هەڵە پڕبکەنەوە یان پابەندی نەبن، سزای بەندکردن بەسێ مانگ، یان پێبژاردن دەکرێت کە لە سێ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 100ملیۆن دینار زیاتر نەبێت .
عەدنان عەبدوڵلا گوتیشی: بەگوێرەی ڕێنمایی نێو یاساکە ئەو کەسانە بانگهێشتی دەستە دەکرێن بۆ ئەوە بزانن پاساوی پڕنەکردنەوەی فۆرمی دەستەی دەستپاکی چییە؟ پێویستە پاساوێکی یاساییان هەبێت؛ ئەگەر ئەو پاساوەیان نەبێت، دەچێتە بەردەم فەرمانگەی ڵێکۆڵینەوەکان و دواتر ڕەوانەی دادگا دەکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانەی فۆرمی دەستەی دەستپاکی پڕ دەکەنەوە، لە جێگری بەڕێوەبەری گشتییەوە تاوەکوو بەرزترین پلە پێک هاتوون، لە بواری سەربازییشدا لە پلەی موقدەم تاوەکوو بەرزترین پلەی سەربازی.
عەدنان عەبدوڵلا، ئاماژەی بەوەش کرد دوای وردبینی ئەو کەسانەی بانگهێشت کراون، چونکە کەمتەرخەمی لە زانیارییایەکانی بەشێک لەو فۆرمانەی پڕ کراونەتەوە، هەیە و گومان لە ڕاستیان هەیە لەبەر ئەوە بانگهێشت کراون، لە قۆناغی ئێستادا تەنیا ئەو کەسانە بانگهێشت کراون کە خانەنشینن.
جەختی لەوە کردەوە، "ئەمساڵ چەند کەسێک لەسەر گەندەڵی دراونەتە دادگا"
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، ڕاگەیاندنی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "دەستەی دەسپاکیی هەرێمی کوردستان، پاڵپشت بە مادەی (14) لە ڕێنماییەکانی ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی ژمارە (2)ی ساڵی 2016، بەشی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکانی دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پلەباڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانیان بانگێشت دەکات."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لێکۆڵینەوەکە تایبەت دەبێت بەو سەروەت و سامانەی کە لە پڕکردنەوەی فۆرمی ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی نەیانووسیوە.
ڕاگەیاندنی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند "پلەباڵاکان بەشێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی خانەنیشین و ڕاوێژکار و چەندان پلەی دیکەیان تێدایە."