ناتانیاهۆ: پێویستە ئاسایشی ئیسرائیل زامن بکرێت

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ڕاگەیاند. بەڵام چەند مەرجێکی بۆ ئەو کارە هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ڕێگە بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە دەدات.
چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، "ئامادەم کۆتایی بە شەڕ لە غەززە بێنم، بەڵام بەو مەرجەی گەرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل بکرێت و ڕێگریی لە مانەوەی حەماس لە کەرتەکە بکرێت."
باسی لەوەش کرد، ئەگەر دەرفەتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست هەبێت، بۆ مەبەستی ئازادکردنی بارمتە و زیندانیکراون، ئێمە ئامادەین، بەڵام دەبێت ئاگربەستەکە کاتیی بێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت: "هێزەکانمان بە توندی هێرش دەکەنە سەر حەماس، وەزیری بەرگریشم ڕاسپاردووە کە هێرشی زیاتر و بەهێزتر بۆ سەر حەماس بکەن، هەروەها هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی ئێمە".
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتەکەی پابەندە بە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی لە شەڕی غەززەدا و هێشتا کارەکان کۆتاییان نەهاتووە.
بنیامین ناتانیاهۆ، ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا 20 بارمتەی ئیسرائیلی لە ژیان ماوەن و هەوڵ بۆ ئازادکردنیان دەدەین، هەروەها تەرمی 38 بارمتەش لەلای حەماس ماون و کار بۆ وەرگرتنەوەیان دەکەین.
سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی: ئێمە لە قۆناغی یەکەمدا، ڕێگە دەدەین بە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو کەرتەکە، تا قەیرانی مرۆیی ڕوو نەدات.