گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی هەولێر و ئەوروپا دەستپێدەکەنەوە

K24 - هەولێر
گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر و ئەوروپا دەستپێدەکەنەوە، یەکەم گەشتیش رۆژی 20ـی ئاب بۆ نەمسا دەبێت.
هێڵی ئاسمانیی نەمسایی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد لە رێککەوتی 20ـی ئابی 2020 گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەمسا دەستپێدەکەنەوە و لەو هەفتەیەشدا سێ گەشتیان دەبێت.
بەهۆی پەتای کۆرۆنا بەگوێرەی راگەیەندراوەکە گەشتەکان تایبەت دەبن بەو گەشتیارانە:
- هەڵگری پاسپۆرت یاخود نیشتەجێی ئەو وڵاتانەن کە گەشتی بۆ دەکەن.
- هەڵگری ڤیزە لە حاڵەتی نەخۆشی، بە مەرجێک پشتگیریی نەخۆشخانەکەی بخاتەڕوو.
- هەڵگری ڤیزەی بازرگانی لە حاڵەتی بازرگانی، بەمەرجێک پشتگیریی لایەنی بەرامبەر بخاتەڕوو.
- ترانزێت.
پێویستە لەسەر گەشتیاران کە راپۆرتی پشکنینی کۆرۆنایان نێگەتیڤ بێت و کۆنتر نەبێت لە 48 کاتژمێر بۆ کاتی گەشتەکە، بەپێچەوانەوە لەسەر خەرجیی خۆیان 14 رۆژ کەرەنتین دەکرێن.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەدوای مانگی ئازارەوە بەڕووی گەشتیاران داخرا، وەکو یەکێک لە رێکارەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و، لە 1-8-2020ـدا بەڕووی گەشتیاران کرایەوە.
هـ.ر.