سەرۆکی ئیسرائیل: تیرۆر و ڕق و کینە ئێمە ناشکێنێت

سەرۆکی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشەکەی واشنتن ڕایگەیاند، تیرۆر و ڕق و کینە ئێمە ناشکێنێت.
ئیسحاق هرتسوگ، سەرۆکی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، سەبارەت بە تەقەکردنەکەی درەنگانی دوێنێ شەو، کە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی تێدا کوژرا لە واشنتن، گوتی: تیرۆر و ڕق و کینە ئێمە ناشکێنێت.
لای خۆیەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند " حەپەساوم بەو هێرشەی واشنتن کە دووکارمەندی باڵیۆزخانەکە تێیدا کوژراوە. گوتیشی: دەشڵێت: ئەو هێرشە دژی جووەکانە.
درەنگانی دوێنێ شەو، لە بۆنەیەکدا کە لە مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی بەڕێوە چوو، هێرشبەرێک تەقەی لە ژن و پیاوێک کردووە و دەستبەجێ گیانیان سپاردووە.
لای خۆیەوە دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "دوو لە کارمەندەکانی لەکاتی بەشدارییان لە بۆنەیەکدا لە مۆزەخانەی جووەکان کوژراون." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە کردەوەیەکی تیرۆرستییە لە دژی جووەکان. گوتیشی: متمانەمان بە توانای دەسەڵاتدارانی فیدراڵی هەیە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی جووەکان.
لای خۆیەوە، تێد دیوتچ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی جووەکانی ئەمەریکا، بۆ کەناڵی ABC News پشتڕاستی کردەوە و گوتی "ئێمە حەپەساوین بەم کردەوە قێزەونە توندوتیژییە لە دەرەوەی شوێنی کۆبوونەوەکە ڕووی دا."
لە بەرامبەردا وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە "دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنجامی تەقەکردنێکدا لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن کوژراون."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کوشتنی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە دەرەوەی شوێنەواری جووەکان لە واشنتۆن ئیدانە کرد و بە تاوانێکی ترسناک ناوی برد کە پاڵنەرەکەی "دژە جووە".
ترەمپ لە پلاتفۆڕمی خۆی، Truth Sociaدا نووسیویەتی؛ "ئەم تاوانە ترسناکانە لە واشنتۆن دی سی، کە بە ڕوونی پاڵنەرەکانیان دژە جووگەراییە، دەبێت هەر ئێستا بوەستێنرێن" گوتیشی: ڕق و توندڕەوی لە ئەمەریکا جێگەیان نابێتەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند "دەسەڵاتداران بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە بەرپرسیارن لە تەقەکردنەی دەرەوەی مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن، کە بووە هۆی کوژرانی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل.
ڕوبیۆ، لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی؛ ئەمە کارێکی ئاشکرای توندوتیژی ترسنۆکانە و دژە جووەکان بوو، ئێمە شوێنپێی ئەو کەسانە هەڵدەگرین کە بەرپرسیارن و دەیانخەینە بەردەم دادگا.