ھەرێمی کوردستان لە دیالۆگی ستراتیژی ئەمەریکا – عێراق بەشدار دەبێت

سه‌فین دزه‌یی: سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم و چەند بەرپرسێکی دیكه‌ لەگەل شاندەکەی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا بەشدار دەبن

K24- هه‌ولێر:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، نوێنه‌رانی هه‌رێم له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌شدار ده‌بن.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ واشنتن، كه‌ بڕیاره‌ سبەی ئه‌نجامی بدات و لەگەل دۆنالد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمەریکا كۆببێته‌وه‌ و کۆمەلێك پرسی گرنگی تایبەت بە ناوچەکە و رۆژھەلاتی ناوەڕاست تاوتوی بكه‌ن، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان٢٤ راگەیاند، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبێت و فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیكه‌ی وه‌ك نوێنەری ھەرێمی کوردستان لەگەل شاندەکەی عێراق بەشدار دەبن.

بڕیاریشە گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی رێکەوتنامەی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەڕێوەبچێت و هاوشێوەی کۆبوونەوەی یەکەم،  نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بەشداری لەو گفتوگۆیانەدا بکەن، بە ئامانجی ئامادەکردنی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، رۆژھەلاتی ناوەراست و عێراق بەتایبەتی بە کۆمەلێك پێشھات و بارودۆخی سیاسی و جڤاکی خێرادا تێدەپەرێت و ئەگەرەکان بۆ گۆرانکاری نوێ لەناوچەکەدا کراوەن.

H.B

Fly Erbil Advertisment