په‌رله‌مانتارێك چۆنیه‌تی كاری قاچاغچێتی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ئاشكرا ده‌كات

ئه‌و كات هیچ سەرپەرشتیار و کارمەندێك لە ئەرکدا نییە

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایكرد، بەشێکی زۆری ئەو قاچاغیەی لە دەروازە سنووریەکان ئەنجام دەدرێت، لە کاتی درەنگانی شەو ده‌كرێت و لەو کاتەدا ھیچ سەرپەرشتیار و کارمەندێك لە ئەرکدا نییە، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ئەو قاچاغچێتیەش دەکەن، کەسانی باڵا دەستن و ھێزی چەکداریان ھەیە.

سه‌فین گه‌ردی، په‌رله‌مانتاری كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: بەشێکی زۆری ئەو کەس و گروپانەی لە دەروازە سنووریەکان، کاری قاچاغچێتی دەکەن ھێزی چەکداریان ھەیە، بۆیە سەرپەرشتیاری ئەو دەروازانە ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن.

گوتیشی: زۆرترین کاری قاچاغچێتی لە درەنگانی شەو دەکرێت و تاوەکو بەرەبەیان بەردەوام دەبێت، لەو کاتانە ھیچ کارمەند و سەرپەرشتیاری دەروازەکان لە ئەرکدا نین.

له‌كاتێكیشدا بەشێکی زۆری ئەو کاڵایانه‌ی بە قاچاغ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان دەکرێن، بەرھەمی کشتوکاڵین، ئەمەش زیانێکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵ و ئابووری کوردستان داوە، ئەگەرچی ھەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی دیاردەی قاچاغی لە دەروازەکان بە تایبەت دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و چەند دەروازەیەکی ئەو سنوورە بەردەوامن، بەڵام وه‌ك عوسمان کەریم سوارە، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ی پێ كرد، تا ئێستا ئەو ھەوڵانە بێ ئەنجامن.

له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ھەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە راسپێردران، بەدواداچوون بۆ گرفت و کێشەی دەروازە سنوورییەکان بکەن، لەپێناو رێگریکردن لەھەر سەرپێچی و کارێکی نایاسایی کە لەو دەروازانە ئەنجام دەدرێت.

H.B