عێراق: داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین لە بەڕێوەبەردنی ئاو هاوکارییمان بکەن

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕووبەڕووی ئالنگاریی و ئاڵۆزیی ئاستەنگەکانی ئاو بووەتەوە، هەروەها داواشی لە وڵاتانی دراوسێی هاوسنوور کرد، هاوکاریی عێراق بکەن لەبارەی بەڕێوەبردنی ئاوەوە.

شەممە، 24ـی ئایاری 2025، عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا، ڕایگەیاند، "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی ئاڵۆزترین ئاڵنگارییەکانی ئاو بووەتەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "تەوەری کۆنفرانسی ئەمساڵ دیدگایەک بۆ ئاو لەخۆدەگرێت کە هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکان و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاودا دەکات" جەختیشی کردەوە، مەترسیی گەورە لە کەمی ئاو نییە، بەڵکو نەبوونی هاوکارییە لەم بوارەدا.

وەزیری سەرچاوەکانی ئاو گوتیشی: "عێراق پلانێکی گەورەی ئامادەکردووە بۆ پەرەپێدانی سەرچاوە ئاوییەکانی لەڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی ستراتیژییەوە کە ئێستا جێبەجێدەکرێت، هەروەها بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و ئاسایشی ئاو."

عەون زیاب ڕاشیگەیاند، "هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بەڕێوەبردنی ئاوی ڕووبارە هاوبەشەکان لە ناوچەکە و جیهاندا چیتر بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی ڕەهایە. بۆیە داوا لە دراوسێکانمان دەکەم لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات بە ڕۆحی برایەتی و بەرپرسیارێتی هاوبەش لەگەڵمان کاربکەن."

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێرق باسی لەوەشکردووە، عێراق بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان و کەمی بارانبارین، بەدەست دابەزینی ئاستی ئاوەوە گرفتارە، هەروەها گلەیشی لە کێشەی فڕێدانی پاشماوە لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کرد.

عەون زیاب گوتیشی: خواست لەسەر ئاو زیادی کردووە، ئێمەش ڕووبەڕووی کەمیییەکی بەرچاو بووینەتەوە لە دابینکردنی ئاودا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەداخەوە پاشماوەکان لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات فڕێدەدرێن، ئەمەش کولتوورێکی هەڵەیە."

وەزیرەکەی عێراق ڕایگەیاند، "پەیامگەلێکی زۆر هەیە بۆ وڵاتانی دراوسێ دەنێردرێت و وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر هەموو وڵاتان هەیە و ئەمەش پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەک هەیە بۆ دابەشکردنی زیانەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ."

هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە "گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی تورکیا و ئێرانی لەسەر بەردانەوەی ئاوی زیاتر بەردەوامن و لیژنەی هاوبەش لەمبارەیەوە کارەکان دەکەن."

زیاب جەختیشی کردەوە "گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە زۆنگاوەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاستی ئاوەکان داناوە، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژەی هەڵمبوون زۆر بەرزە. بەڵام هەوڵدەدەین سەرەڕای کەمی ئاو و کەمی بارانبارین لەمساڵدا، زۆنگاوەکان بپارێزین، هیوادارین وەرزی هاوین بە ئارامی تێپەڕێت."

قەیرانی وشکەساڵی لە عێراق لە هەموو کاتێک زیاتر توندتر دەبێت، بە پلەی یەکەم بەهۆی کەمی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا. دووه م: دابەزینی ئاستی ئاوی ڕژاو بە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بۆ سیاسەتی ئاوی ئێران و تورکیا دەگەڕێتەوە کە مەترسی کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتە دروست دەکات.

ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەم دواییانەدا بڵاوی کردەوە، کە عێراق نزیکەی 30%ی زەوییە کشتوکاڵیەکانی لەدەستداوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل