وادەی وەرگرتنی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی عێراق ڕاگەیەنرا
لە سبەینێوە بۆ ماوەی مانگێک لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەستی کۆمسیۆن دەکرێن.
شەممە، 24-05-2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پارت، هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکان دەتوانن لە سبەینێ یەکشەممەوە، 25-05-2025، ناوی کاندیدەکانیان ڕادەستی کۆمسیۆن بکەن، بە مەبەستی تۆمارکردنیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن، وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە سبەینێوە دەست پێ دەکات و بۆماوەی مانگێک درێژەی دەبێت، دوا وادەش 24ی مانگی داهاتووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، لە عێراقدا نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدان و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا هەیە. هەروەها لە کۆی 66 هاوپەیمانێتیی تۆمارکراو لە عێراق، 18یان خواستی بەشدارییان دەربڕیوە، هەشت هاوپەیمانێتیی نوێش داواکارییان پێشکەشکردووە و دوو هاوپەیمانێتی نوێش بە فەرمی پەسندکراون.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى 2025ى دیاری کردووە وەکو ڕۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان.