چاد..لە کەمپێکی ئاوارەکانی سوودان، 13 کەس لە برسان مردن

تۆڕی پزیشکانی سوودان ڕایگەیاند، تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا 13 پەنابەری سوودانی لە ناو کەمپی پەنابەرانی 'گاگا' لە چاد، لە برسان گیانیان سپاردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆخی تەندروستی و مرۆیی ئەو کەمپە زۆر خراپە.

شەممە، 24ـی ئایاری 2025، تۆڕی پزیشکانی سوودان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردەوە،  "کەمپی گاگا، نزیکەی 21 هەزار پەنابەری سوودانی تێدایە، بەدەست کەمیی خۆراک و دەرمانەوە گرفتارن لەماوەی هەفتەیەکدا 13 کەسیان لە برساندا مردوون، هەروەها نەبوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و پشتگوێخستنی ڕێکخراوە مرۆییەکان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی."

تۆڕی پزیشکانی سوودان هۆشداریشی دا "هەزاران کەس هەمان چارەنووس چاوەڕێیان دەکات، ئەگەر بە خێرایی فریایان نەکەون."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "کارەساتەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، پەنابەرانی ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە، کە ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان بە بیانووی ئەوەی ناتوانن لە سنوورەکان بپەڕنەوە، پاساو بۆ بێهەڵوێستی خۆیان دەهێننەوە.

تۆڕەکە، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووە، ئەرکی ئەخلاقی خۆیان جێبەجێ بکەن و خۆراک و یارمەتی پزیشکی بەپەلە دابین بکەن، هەروەها ئاوارەبوونی زۆرەملێش ڕابگرن.

لە 15ـی نیسانی 2023ەوە شەڕی سوودان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا سەری هەڵدا، هەرچەندە چەند جارێک بەناوبژیوانی سعوودیە ئەو دوو لایەنە کۆبوونەوە بەمەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تاوەکوو ئێستا شەڕ بەردەوامە و دەیان هەزار کوژران و بریندار بوون، ملیۆنانیش ئاوارەی ناوخۆو و دەرەوەی وڵات بوون.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment