شاندێکی ئەنجوومەنی پیران: ئه‌مه‌ريكا به بايه‌خێكى زۆرەوە له هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆ بووەوە، هاوکات شاندەکە جه‌ختيان له به‌رده‌واميى پابه‌نديى ئەمەریکا بۆ پشتگيریى لە هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه.
شەممە 24ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيى له هه‌ردوو ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئه‌مه‌ريكا، ئەنگه‌س کینگ، سێناتۆرى سەربەخۆ لە ویلایەتی مەین و جەیمس لانکفۆرد، سێناتۆرى کۆماری لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما و شانديكى ياوه‌ريان كرد.
ماڵپەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "لە كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئەمه‌ریکا و هاريكاريى هاوبهشيان به تايبه‌تى لە بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان تاوتوێ كرد و ده‌رباره‌ى دۆخی سووریا و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه، بيروڕايان گۆڕييهوه."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی بەردەوامى ئه‌مه‌ريكا له عێراق و هەرێمی کوردستان، به تایبه‌تی پشتگیریی کۆنگرێسی له پرۆسه‌ی چاکسازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ئاماژەی بە گرنگيی پەرەپێدانی هاوکاريی نێوانيان لە بوارە جياكاندا کرده‌وه.
شاندى ميوان وێڕاى ستايشى پيشكهوتنهكانى هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه ئه‌مه‌ريكا به بايه‌خێكى زۆر و وه‌ك هاوپه‌يمانێك له عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. هه‌ر له‌م باره‌يه‌وه جه‌ختيان له به‌رده‌واميى پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكا بۆ پشتگيرىی له عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه.