پسپۆر و شارەزایان لە مۆسکۆ، بە بایەخەوە باس لە دیدار و کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە واشنتن دەکەن
واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی لە بواری گازدا لە واشنتن، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. چەندین کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێ کەوتووەتەوە. لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، پسپۆڕ و شارەزایان بە بایەخەوە باس لە واژۆکردنی گرێبەستەکان دەکەن و دەڵێن: ئەم رێککەوتنە بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات.
دیدار و کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کاربەدەستانی پلە باڵای ئەمەریکا و سەرپەرشتی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی، ئێچ کەی ئێن ئێنرجی و وێستێرن زاگرۆس، پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ کەرتی وزەی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن دەباتە قۆناغێکی بەهێزترەوە.
د.ئیقبال دیوررە، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: من دڵنیام کە گرێبەستەکەکان بنەمای یاساییان هەیە. خۆ ئەگەر بنەمای یاساییان نەبووایە هیچ کام لەلایەنەکانی ڕێککەوتنەکە هەنگاوی لەو چەشنەیان نەدەنا.
دەشڵێت: ڕێککەوتنەکە، نە تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکە بۆ تەواوی عێراق بەسوودە. ئێمە دەزانین ناوچە عەرەبییەکان زیاتر پێویستیان بە وزەی کارەبا هەیە، بۆیە هەموو لایەنەکان بە ڕێککەوتنی لەم چەشنە دەبێت شاد بن. بابەتێکی تر سەروەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ڕێککەوتنی لەم جۆرە متمانە و پێگەی حکوومەتی هەرێم لای ئەەمریکا و وڵاتانی دیکەش زیاد دەکات.
موراد سادقزادە، رۆژهەڵاتناس و شارەزای ئابووری، مامۆستا لە زانکۆی قوتابخانەی باڵای ئابووری، گوتی :گرێبەستی وزەیی نێوان ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی مەزنە، چونکە ناوچەکە بە گۆڕانکاری گەورەدا گوزەر دەکات، سیاسەتی لایەنی ئەمەریکایی لە هەندێ بابەتدا یەکلاکەرەوەیە وەک یەکێک لە دەوڵەتە سەرەکییەکانی دونیا، وەک دەبینین بۆ ئیدارەی ترەمپ ڕەهەندی ئابووری و گۆڕانکاری لە بواری ئابووریدا کاری لەپێشینەیە.
ناوبراو گوتیشی: لە سەردانی ترەمپ بۆ وڵاتانی عەرەبی بینیمان کە دابینکردنی ئاسایش و هەماهەنگیی ئابووری لەپای وەبەرهێنان بە قەبارەی گەورە ئەنجامدرا، هەمان هاوکێشە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش ڕوو دەدات، چونکە هەرێم بە سەرچاوەکانی وزە دەوڵەمەندە، ئێمە دەزانین کە کۆمپانیا ڕووسییەکانیش لەوێ کاری وەبەرهێنانی خۆیان دەکەن.
دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا و واژۆکردنی دوو گرێبەست لە بواری گازدا لە واشنتن، بە دیدی پسپۆڕ و شارەزایانی سیاسی و ئابووریی لە مۆسکۆ، دەرخەری بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمەریکایە بۆ هەرێمی کوردستان و گەرەنتی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن دەکات.